یەکەم گیان لەدەستدان لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی

لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ ڕوویداو کەسێک گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025 لە سەر شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بارهەڵگرێک توشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو، سەرەنجام شۆفێرەکەی بە ناوی [عەبدوڵڵا ڕەشید] گیانی لەدەستدا. ئەمەش بووە یەکەم ڕووداوی هاتووچۆ لەسەر ئەم شەقامە دوای کردنەوەی.

کاروان عومەر، لێپرسراوی هاتووچۆی خێرا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند: “پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری سووتەمەنی کە لە تاسلوجەوە بەرەو عەربەت ڕۆیشتووە، شۆفێرەکەی کۆنتڕۆڵ لەدەست داوە و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەستدا.”

بەرپرسەکەی هاتووچۆی سلێمانی ڕاشیگەیاند: “شۆفێرەکە خەوی لێکەوتبوو، لەهەمان کاتدا تیژڕەو بووە، بۆیە کۆنترۆلی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە ئامێرێکی قیڕتاوکردن و دواتر خۆی کێشاوە بە دوو بارهەڵگری دیکەدا.”

دوو هەفتە لەمەوبەر، بەشێک لە قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتری لە پارێزگای سلێمانی بە ڕووی شۆفێران کرایەوە و ئەمڕۆ یەکەم ڕووداوی هاتووچۆ تیایدا ڕوویدا.