لە یادی 73 ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبای خۆی ئاڕاستەی سکرتاریەت و ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ یادی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “ بڕوای تەواومان هەیە کە بەبێ بەشداریی کارای ئافرەتان، کۆمەڵگە ناتوانێت بەرەو ئایندەیەکی گەشتر هەنگاو بنێت.”
سەرۆکی هەرێم لە بەشێکی پەیامەکەشیدا باس لەوە دەکات؛ “لە ڕۆژانی سەختی شۆڕشدا، ئافرەتانی کوردستان نموونەی باڵای خۆڕاگری و قوربانیدان بوون، ئەمڕۆش لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا، ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی کۆمەڵگەدا دەگێڕن.”
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
لە حەفتا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، وەک قوتابخانەیەکی گەورەی نیشتمانپەروەری و پێگەیاندن، مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی هەیە. ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە کە لەسەر بنەمای بیر و تێڕوانینی ڕێبازی بارزانیی نەمر دامەزراوە،هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو و هاوبەشێکی کارای خەباتی نیشتمانی، هاوکات پێشەنگی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بووە.
لە ڕۆژانی سەختی شۆڕشدا، ئافرەتانی کوردستان نموونەی باڵای خۆڕاگری و قوربانیدان بوون، ئەمڕۆش لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا، ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی کۆمەڵگەدا دەگێڕن. ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتوون.
لەم یادەدا، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خەبات و چالاکییەکانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەینەوە لەپێناو بەدیهێنانی مافەکانیان و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیار و بەڕێوەبردندا. بڕوای تەواومان هەیە کە بەبێ بەشداریی کارای ئافرەتان، کۆمەڵگە ناتوانێت بەرەو ئایندەیەکی گەشتر هەنگاو بنێت.
سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو ئافرەتانەی لەپێناو ئازادیی کوردستان و مافەکانیاندا گیانیان بەخشی.
هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوام بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم.