سەدان کادیری یەکێتی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتییەوە کرد

150 خێزانی عەشیرەتی هەرکی وازیان لە یەکێتی هێناو چوونە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2025، 150 خێزان کە پێکهاتبوون لە سەدان ئەندام و لایەنگری یەکێتی لە قەزای خەبات چوونە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەلایەن سیداد بارزانی پێشوازییان لێ کرا.

ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموکراتی کوردوستان لە هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “هاتنی ئەم هەڤاڵانەی یەکێتی دوای ئەوە بوو کە قەناعەتیان لا دروست بوو، بەتایبەت دوای ئەو ئاڵۆزیانەی لە سنووری قەزای خەبات هاتە ئاراوە، بیریان کردەوە کە ئەمە کارێکی تێکدەرانەیە و بەدەرە لە یاسایە.”

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی نێو خێزانە هەرکییەکان بۆ میدیاکان باسی لە هۆکاری وازهێنانیان لە ڕێزەکانی یەکێتی کرد و گوتی: “نە لە ترسان نە لە برسان نەهاتوومە ناو ڕێزەکانی پارتی، بەڵکو هۆکارەکەی تەنها ئەوەیە گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی کە کاربەدەستانی حزبەکە لە سنووری هەولێر خۆیان بە خاوەن و ئەندام و لایەنگر و کەسوکاری یەکێتی نازانن، بۆیە ئێمەش هەستمان بەبێ خاوەنی کرد و هاتینە ناو ڕێزەکانی پارتییەوە.”

ئەمەش دوای ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانە دێت کە بەم دواییانە لە گوندی لاجانی سەر بە قەزای خەبات ڕوویدا، بەهۆیەوە ئەندامێکی کۆمیتەی یەکێتی لە خەبات بە ناوی “نێچیروان هەرکی” دەستگیرکرا.