کێن ئەو کەسانەی گۆڕستانەکان دەشێوێنن

لە کارێکی تێکدەرانە لە هەولێر بەشی خۆڕایی گۆڕستانی “شێخ احمد” شێوێندارا و نزیکەی 15 گۆڕ شکێندراوە.

ڕۆژی شەممە 6ی کانوونی یەکەمی 2025، لە هەولێر ژمارەیەک گۆڕ لە گۆڕستانی “شێخ احمد” بەشی “خۆرایی” شێوێندران، کە ژمارەیان نزیکەی 15 گۆڕ دەبێت، گۆڕەکانیش بە شێوازی جۆراوجۆر تێکدراون کە تێیاندا چوار گۆڕ ناوەکانیان سڕاوەتەوە.

کەسێکی شارەزا لە گۆڕ هەڵکەندن بە ناوی “شێخ حەسەن” لە شوێنی ڕووداوەکە دەڵێت: ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن لە دین شارەزا نین. شێخ ئەنەس فەرموودەیەکی پێغەمبەر(د.خ)بە نموونە دەهێنێتەوە کە دەفەرموێت: “بە لای هەر گۆڕستانەکدا ڕۆیشتی دوعای خێریان بۆ بکە و شەرمیان لێ بکە.”

گەرچی تاوەکو ئێستا لایەنی پەیوەندیدار هیچ ڕاگەیاندراوێکی دەربارەی ئەو ڕووداوە بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام گومان دەکرێت ئەو کاسانەی ئەم کارە دەکەن، بیرێکی توندرەویان هەبێت و بەتایبەتی ئەو نوخبەیەی کە دژی چاککردنی گۆڕەکانن و بە گوناهی دەزانن.

شێخ ئەنەس باس لەوەش دەکات، پار ساڵیش هەمان دیاردە لەو گۆڕستانە بوونی هەبووە چەندین گۆڕ شکێندرابوون. هاوکات داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا بکات، کە دەبنە هۆی تێکدانی ئارامی و پێکەوە ژیان، ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارانە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە گوندی “هەرموتە” گۆڕستانی “مەسیحیەکان”ی کۆیە بە هەمان شێواز شێوێندرابوو، کە ئەمە دووەم ڕووداوە لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕوودەدات و گۆڕ و کێلەکانیان دەشێوێندرێن.