چەند ماڵپەڕێکی عەرەبی بە گرنگییەوە باس لە پڕۆژە ژینگەییەکانی دەزگای روانگە و ڕۆڵی ادریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگاکە دەکەن لە هەواڵەکانیان بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی پڕ لە وزەی پاک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025-12-04 گۆڵف تایمز، ڕۆژنامەی پێشەنگ و بەناوبانگی وڵاتی قەتەر ڕاپۆرتێکی لەسەر “ادریس نێچیرڤان بارزانی” و “دەزگای روانگە” بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە شار و گوندەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ناوچەیەی کە تا ئەم دوایانە بە دەست ململانێکانەوە دەیناڵاند، ئێستا تێیدا دەستکراوە بە وەرچەرخانی وزەی بێدەنگ.
گۆڵف تایمز باس لەوە دەکات، کە ئەو گۆڕانکارییە لەلایەن خێرخواز و مرۆڤدۆست “ادریس نێچیرڤان بارزانی”ییەوە پاڵپشتی کراوە و لە ڕێگەی [دەزگای روانگە]وە خۆی تەرخان کردووە بۆ گۆڕینی ژینگەی وڵاتەکەی و بەهێزکردنی وزەی پاک لە ناوچەکەدا.
ئەو ڕۆژنامەیە گوندی شێخ وەسانی دۆڵی بالیسان دەکات بە نموونەی پڕۆژە و گۆڕانکارییەکانی ادریس نێچیرڤان بارزانی لە وزەی پاکدا و دەڵێت؛ گوندی شێخ وەسان، ئەو شوێنەی لە ساڵی 1987 ڕژێمی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراق کیمیابارانیکرد و تا دوای چەندین ساڵ کاریگەرییەکانی بەسەر دانیشتوانەکەی مایەوە، ئێستا لەلایەن “دەزگای روانگە” کارەبای تەواوی گوندەکە لە وزەی پاک و هێزی خۆر بۆ دانیشتوان، یەکە نیشتەجێبوون و میرییەکان دەستەبەر کراوە و لەمەودوا منداڵانی گوندەکە بەبێ ترسی پچڕانی کارەبا دەتوانن شەوان وانەکانیان بخوێنن، هەروەها بنکەی تەندروستی گوندەکەش کێشەی نەبوونی کارەبا و کارنەکردنی ئامێرە پزیشکییەکانی بەهۆی پچڕانی کارەبا بۆ دروست نابێتەوە.
گۆڵف تایمز تەنها بە باسکردنی گوندی شێخ وەسان ناوەستێت و باس لە هەوڵە ژینگەییەکانی دیکەی “ادریس نێچیرڤان بارزانی” دەکات لە بواری ژینگە و پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان لە مەترسی بە بیابانبوون، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژنامە قەتەریەکە پرۆژەی “دارستانەکانی روانگە” لە سنووری پارێزگای هەولێر بە نموونە دەهێنێتەوە و ڕایدەگەیەنێت: ادریس نێچیرڤان بارزانی و دەزگای ڕوانگە دەیان هەزار داری زەیتوونیان لە دەورووبەری هەولێر چاندووە، کە ئامانج لێی؛ کەمکردنەوەی بەبیابانبوون، پاراستنی خاک و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی سروشتییە و هەر یەک لەم پڕۆژانە پشتگیری لە مسۆگەرکردنی هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیرتر و بەردەوامتر دەکەن.
ڕۆژنامەی گۆڵف تایمز جەخت لەوەش دەکاتەوە، لە سایەی پڕۆژەکانی “ادریس نێچیرڤان بارزانی” پێگەی نوێی هەرێمی کوردستان لە ئایندەی وزەی پاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئاستێکی پێشەنگ و بەرز دەبێت، ئەمەش وا دەکات سەرەڕای ئاڵنگارییە مێژوویەکان، چاکبوونەوەی ژینگە، تەکنەلۆژیای مۆدێرن و پەرەپێدانی کۆمەڵگە بەیەکەوە بەرەو پێشەوە بڕۆن.
گۆڵف تایمز تاکە ڕۆژنامەی عەرەبی نییە کە باس لە هەوڵ و پرۆژەکانی دەزگای روانگە و ادریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگاکە دەکەن بەڵکو هەر یەک لە [گۆڵف تودەی، عەرەب نیوز و خەلیج تایمز] لە چەندین ڕاپۆرتدا باسیان لە پڕۆژەکانی ئەو گەنجە کوردە کردووە لە بواری وزەی پاک و هەوڵە ژینگەییەکاندا.
ئاشکرایە، ئەو باس و خواسەی ڕۆژنامە عەرەبییەکان دوای پڕۆژە ژینگەییەکانی دەزگای روانگە دێت لە هەرێمی کوردستان، کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە توانیوویەتی چوار گوندی هەرێمی کوردستان لە کێشەی کەمی کارەبا ڕزگار بکات و لە رێگەی وزەی خۆرەوە تەزووی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی گوندەکان دابین بکات. ئەمەش سەرەڕای پڕۆژە ژینگەییەکانی دیکەی وەکو؛ دارستانەکانی روانگە و دابینکردنی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆر بۆ قوتابخانەکان.