بەمەبەستی ڕاگرتنی پەخشی هەندێک کەناڵی بێ مۆڵەت، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێک دەردەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025 وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ “بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندن لە ڕێکەوتی [2025-11-17] بە نووسراوی فەرمی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت ئاگادار دەکاتەوە بە راگرتنی پەخشی کەناڵەکانی [بین سپۆرت] کە لە رێگەی پەخشی ئۆنڵاین لە هەندێک کەناڵە ناوخۆییەکان بە نایاسایی بەشێوازی [IPTV] پەخش دەکرێن.”
ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن جەخت لەوە دەکاتەوە، “ئەم بڕیارە بەمەبەستی ڕێگرتنە لەو سەرپێچیە نایاساییانە و پارێزگاریکردنە لە مافی پەخش و بڵاوکردنەوە.”
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئەوەشی ڕاگەیاند؛ “پێویستە لەماوەی یەک مانگدا کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پەخشە نایاساییەکان ڕابگرن.”
هاوکات وەزارەتەکە باس لەوەش دەکات، گەر هەر کەناڵێک بیەوێت لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی [BEIN SPORTS] بکات پێویستە لە ڕێگای بریکاری فەرمی ئەو دەزگایە بێت لە بەر پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری و یاسایی بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بین سپۆرت، تۆڕێکی وەرزشی سەتەلایتە و خاوەنەکەی تۆڕی میدیایی ئەلجەزیرەیە و لە 1ی حوزەیرانی ساڵی 2012 دامەزراوە. لە هەرێمی کوردستانیش، بەشێک لە کەناڵە ناوخۆییەکان، پەخشی وەرزشی بین سپۆرت دەگوازنەوە و بەشێکیان تاوەکو ئێستا بە نایاسایی و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت ئەم کارە دەکەن.