کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر هەلی کار بۆ بەرپرسی پاسەوانی، بە مووچەی زیاتر لە 41 هەزار دۆلار ڕادەگەیێنێت و مەرجە داواکار ئەزموونی سێ ساڵ کارکردنی هەبێت.
ڕۆژی دووشەممە 2025-11-10 ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەلی کاری بۆ بەرپرسی پاسەوانان لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ڕاگەیاند. پێشکەشکردنی داواکارییەکە لە ڕێگەی فۆڕمێکی ئۆنلاین دەبێت و تاوەکو 2025-11-24 بەردەست دەبێت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری.
لە ماڵپەڕەکەدا هاتووە، کارکردن بە شێوەی فول تایم و 40 کاتژمێر لە هەفتەیەکدا دەبێت. دەربارەی مووچەکەش بڕی 41 هەزار و 852 دۆلارە بۆ ماوەی ساڵێک، کە دەبێتە زیاتر لە 3400 دۆلار بۆ ماوەی مانگێک.
کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا چەند مەرجێکیشی داناوە بۆ کارکردن، یەکێک لە مەرجەکان پێویستە سێ ساڵ یان زیاتر ئەزموونت هەبێت لە کەرتی تایبەت یان حکومی یانیش پۆلیس و سەربازی. هەروەها پێویستە داواکار مۆڵەتی شوفێری هەبێت.
کونسوڵخانەکە ئەوەشی ڕاگەیاند؛ هەڵسەنگاندن بۆ کەسەکان دەکرێت بە گوێرەی توانا و ڕەنگە داوای لێبکریت تاقیکردنەوەی زمان یان شارەزای بوارەکە ئەنجام بدات.
پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بوون بە بەرپرسی پاسەوانەکان لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا – هەولێر، لە ڕێگەی ئەم لینکەوە بەردەستە تاوەکو 24ی تشرینی دووەمی 2025: