دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی دەکات، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە و ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو باران بارین ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
ڕۆژی سێشممە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەستەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند؛ “دەرئەنجامەکانی رەوشی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکەن، عێراق خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا یەکەم ناسەقامگیری کەشوهەوای پاییز ببینێت، ئەمەش دەستپێکی راستەقینەی وەرزی بارانبارین دەبێت”.
دەستەی کەشناسی ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ئێوارەی پێنجشەممە 2025-11-13 گۆڕانكارییەكە دەستپێدەكات بۆ نیمچە هەور لە ئاسماندا، پاشان لە زۆربەی شارەکاندا تەم دەبێت، ئەگەری بارانبارین لە ئێوارەی هەینی دەستپێدەکات لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا، دواتر درێژدەبێتەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی وڵات تا بەیانی دووشەممە 17ی مانگ.
هەروەها دەستەی کەشناسی عێراق، جەختی لەوەش کردەوە بارانبارینەكە سەرەتا كەم دەبێت و دواتر مامناوەند، هەندێکجاریش رەشەبای لەگەڵدا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارینی بارانێکی بەخوڕ لە ناوچە سنووردارەکانی باکوور، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری بەفرێکی كەم لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەیە.