سەرۆکی حکومەت باسی دوایین پێشهاتەکانی مووچە دەکات

مەسرور بارزانی: “هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەداخەوە بەغدا ناردنی پارەکەی ڕاگرتووە.”

ئەمڕۆ 6ی تشرینی دووەمی 2025 لەکاتی بەسەرکردنەوەی بەنداوی دوین مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی میدیاکان سەبارەت بە نەهاتنی مووچە گوتی: “هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەداخەوە بەغدا ناردنی پارەکەی ڕاگرتووە.”

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، “کێشەی مووچە بە سیاسی کراوە، بەڵام لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵ دەبین تاوەکو مووچە دابین بکەین.”

هۆکاری ئەو لێدوانەی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە کە هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوون بۆئەوەی باسی مووچەی مانگی 9ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی نەکرد و کۆبوونەوەکە بەبێ بڕیاردان لەسەر مووچەی مانگی 9 کۆتایی هات.

شایەنی باسە مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مانگی 11یان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم تاوەکو ئێستا لە چاوەڕوانیی مووچەی مانگی 9ـی خۆیانن.