پۆلیسی هەولێر: ئەو کەسەی کوژراوە مۆبایلی بکوژی هاک کردبوو

پۆلیسی هەولێر دەربارەی ڕووداوی کوشتەنەکەی شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند؛ کێشەیەکی کۆن لە نێوان کوژراو و بکوژدا هەبووە و مۆبایلی بکوژ هاک کراوە.

شەوی ڕابردوو ڕووداوێکی کوشتن لە بازاری “کۆتری سەلام”ی شاری هەولێر ڕوویدا، گەنجێک لەلایەن هاوڕێکەیەوە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا. 

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئۆکتۆبەری 2025 پۆلیسی هەولێر دەربارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند؛ “ دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە رووداوێکی كوشتن له ناوبازاڕی شاری هەولێر ئاگادار کراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.”

پۆلیسی هەولێر دەربارەی هۆکاری ڕووداوەکە دەڵێت؛ پاش لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەدواداچوونێکی چڕ، دەرکەوت کە لەسەر کێشەیەکی کۆنی نێوانیان، کە بکوژ دانی پێدا ناوە، گوایە کەسی کوژراو مۆبایلی بکوژی هاک کردووە و کۆمەڵێک وێنەی بردووە.” هەر بۆیە شەوی ڕابردوو بکوژ بە ناوی [آ. ھ. ح] بە چەکێکی جۆری دەمانچە هاوڕێکەی بە ناوی [ی. د. ع] دەکوژێت.

داڵ میدیا زانیویەتی ئەو گەنجەی کوژراوە خەڵکی ناحیەی سرێشمەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.