شارەوانی کەلار لە نوێترین بڕیاریدا، هەموو خاوەن ماڵ و دوکانێک ناچار دەکات بە چاندنی درەخت و لە ئەنجامی جێبەجێ نەکردنی سزا دەدرێت.
ئەنجومەنی شارەوانی کەلار بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و فراوانکردنی ڕووبەری سەوزای ئەم بڕیارە پەسند دەکات؛ هەموو خاوەن ماڵ و دووکانێک ناچار دەکرێن بە چاندن و پاراستنی نەمامێک و یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان ئەوەیە کە بەرزیی درەختەکە لە مەتر و نیوێک کەمتر نەبێت.
شارەوانی کەلار ڕایگەیاند؛ هەر کەسێک پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، بە بڕی 150 هەزار دیناری عێراقی سزای دارایی دەدرێت.
ئەو بڕیارەی شارەوانی کەلار تەنها تایبەت نیە بە چاندنی درەخت، بەڵکو لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە، گەر هەر هاووڵاتییەک، کۆمپانیایەک، یان دوکاندارێک بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمی لە شارەوانی، درەخت ببڕێتەوە یان هەڵیبکەنێت، ڕووبەڕووی سزایەکی دارایی دەبێتەوە کە لە 100 هەزار دینارەوە دەست پێ دەکات و تا دوو ملیۆن دینار دەڕوات.