دەستڕێژی گوللە لە شەش جوتیار کرا و گەنجێک گیانی لەدەستدا 

لە سنووری قەزای کەلار کۆمەڵێک جوتیار لە کاتی کارکردن لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی نەناسراوە دەستڕێژی گوللەیان لێ دەکرێت و یەکێک گیان لەدەست دەدات.

ڕووداوەکە درەنگانی شەوی ڕابردوو ڕوویداوە و لە ئەنجامی تەقەکردنەکە گەنجێک بە ناوەی [ڕزگار سەعید عەزیز] لەدایکبووی ساڵی 2005 بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدا.

برای ئەو گەنجە کوژراوە ئاشکرای دەکات؛ ئەوان 6 کەس بوونە و خەریکی کشتوکاڵی مەرەزە بوون، لەناکاو ئوتۆمبێلێک لە جۆری پاترۆڵ هاتووە و دەسڕێژی گولـلەی لێ کردوون.

لە ئێستادا بە  بڕیاری دادوەر و بە پێی مادەی 406، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەرچووە و پۆلیس بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تۆمەتبارەکە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.