تەرمی پێشمەرگەیەک بە کوژراوی دۆزرایەوە

تەرمی پێشمەرگەیەک لە چیای گۆیژە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بە کوژراوی دۆزرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئۆکتۆبەری 2025 میدیاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی کەسێکیان بڵاوکردەوە کە پیشەی پێشمەرگەیە و تەرمەکەی لە نێو ئۆتۆمبێلی خۆی بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان؛ گوڵفرۆشێک تەرمی ئەو پێشمەرگەیەی لە چیای گۆیژە دۆزیووەتەوە. پێشمەرگەکە ناوی [لێزان لوقمان] و تەمەنی 30 ساڵە. 

داڵ میدیا ئەوەشی زانیوە؛ ئەم پێشمەرگەیە خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە و لە بەرگری فریاکەوتنی کانی گۆمە دەوامی کردووە.

گەرچی میدیاکان ئەو هەواڵەیان بە ڕووداوێکی خۆکوژی بڵاوکردەوە، بەڵام داڵ میدیا پابەندە ئیتیک و پڕەنسیپەکانی ڕاگەیاندن، ئەم جۆرە دەستەواژەیە بەکارناهێنین، چونکە تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمنی و پەیوەندیداری شاری سلێمانی هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردۆتەوە.