سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیری و پێشوازی لەو پلانە دەکات کە دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بڵاویکردەوە و دەڵێت؛ هانی هەموو لایەنەکان دەدەم کە بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە لە گفتوگۆدا بەشدار بن و ڕۆحیەتی سازش پیشان بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئەیلولی 2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند؛ “پێشوازی لە پلانی گشتگیری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە دەکەم و پێشەنگایەتییەکەی بەرز دەنرخێنم.”
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی ڕاگەیاند؛ “ هانی هەموو لایەنەکان دەدەم کە بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە لە گفتوگۆدا بەشداربن و ڕۆحیەتی سازش پیشان بدەن، لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانییەکی درێژخایەن بۆ گەلانی ناوچەکە.”
ڕۆژی دووشەممە 2025-09-29 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکی ئیسرائیل کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەیاندا، پلانی کۆتایهێنان بە جەنگی غەززە تاوتوێکرا.
پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ چییە؟
کۆشکی سپی پلانە 21 خاڵیەکەی دۆناڵد ترەمپ بڵاودەکاتەوە کە جەخت لە کۆتایهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات. بەگوێرەی پلانەکە هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل ڕادەگیرێن و لە کەرتی غەززەش دەکشێنەوە، حەماسیش نابێت وەکو گرووپێکی چەکدار لەو کەرتە بمێنێت و بەشداری دەسەڵات بکات.
پلانەکە باس لەوە دەکات؛ ڕۆژانە هاوکاری مرۆیی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان پێشکەش بە خەڵکی غەززە دەکرێت و دوای جەنگیش، غەززە لەلایەن دەسەڵاتێکی ڕاگوزەر لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی عەرەب و ئەورووپی بەڕێوەببرێت.
دەربارەی قبوڵکردنی پلانەکە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت؛ ئەگەر حەماس بەتەواوەتی خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات ئەوا بە ڕێگای سەربازی کۆتایی بەو دەسەڵاتە دەهێنین. حاماسیش تاوەکو ئێستا بەفەرمی وەڵامی پلانەکەی نەداوەتەوە.