شاسوار عەبدولواحید لەسەر کەیسێکی دیکە دەدرێتە دادگا 

ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید، لەسەر کەیسێکی دیکە بردراوەتە بەردەم دادوەر و بەرپرسێکی نەوەی نوێ دەڵێت؛ بەبێ ئاگاداریی پارێزەرەکەیەتی و ئێمە ئاگادار نین.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی ئەیلولی 2025 بەرپرسێکی باڵای نەوەی نوێ ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید لە زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی براوەتە بەردەم دادوەر بۆ دادگایکردن لەسەر دۆسیەیێکی نوێ.

بەرپرسە باڵاکەی نەوەی نوێ، ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ئێمە نازانین سەرۆکی جوڵانەوەکەمان لەسەر چی براوەتە دادگا و بەبێ ئاگاداریی پارێزەرکەیەتی.

لەلایەکی دیکەوە، داڵ میدیا زانیویەتی؛ ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە ماددەی دووی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن براوەتە بەردەوام دادوەری لێکۆڵینەوە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەگەر بێتو شاسوار عەبدولواحید ئەو تۆمەتی بەسەردا ساغ بێتەوە، سزاکەی بە حەپسکردن کەمتر نەبێت لە 6 مانگ و زیاتر نەبێت لە پێنج ساڵ و بە پێبژاردن کەمتر نەبێت لە یەک ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە پێنج ملیۆن دینار یان بە یەکێک لەم دوو سزایە سزا دەدرێت.