سالم جاسم
لە مێژووی ململانێی مرۆڤایەتیدا، هەمیشە تەکنەلۆژیا هۆکاری یەکلاکەرەوە بووە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیلدا ڕوو دەدات، تێپەڕاندنی هەموو سنوورە کلاسیکییەکانە. ئێمە چیتر لەبەردەم جەنگێکی سادەی موشەک و درۆندا نین، بەڵکو لە ناو جەرگەی “جەنگی ئەلگۆریتمەکان”داین. لێرەدا ژیریی دەستکرد (AI) تەنها ئامرازێکی یاریدەدەر نییە، بەڵکو وەک فەرماندەیەکی بێدەنگ لە پشت پەردەکانەوە بڕیار لەسەر کات، شوێن و ناسنامەی ئامانجەکان دەدات.
ئەم وەرچەرخانە ترسناکە کاتێک ڕوون بووەوە کە ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد سوپای ئەمریکا لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی سەر بنکەکانی سەر بە ئێران، بۆ یەکەمجار متمانەی بە بڕیاری ئەلگۆریتمەکان کردووە. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە، ڕۆژنامەی Bloomberg ئاماژە بە “یەکەی 8200″ی ئیسرائیلی دەکات کە تەنها ئەرکیان پەرەپێدانی AIـیە بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، لە بەرامبەردا گۆڤاری MIT Technology Review باس لە هەوڵە چڕەکانی تاران دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم باڵادەستییە تەکنەلۆژیایە.
لەم هاوکێشە نوێیەدا، یەکەم ئەرکی ئەم ژەنەڕاڵە بێدەنگە “ناسینەوەی دوژمن”ە لەناو ملیۆنان مرۆڤدا. سیستەمی ترسناکی ئیسرائیلی بە ناوی (Lavender)، نموونەی هەرە دیاری ئەم ڕەهەندەیە. ئەم سیستەمە تەنها چاودێری جوڵەی سەربازی ناکات، بەڵکو دەچێتە نێو کڕۆکی ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان؛ لە نامەکانی واتسئەپ و تێلیگرامەوە تا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، شیکاری بۆ هەموو زانیارییەک دەکات. لاڤیندەر بەپێی “نمرەی گومان” کە لە نێوان 1 بۆ 100 دایدەنێت، ناسنامەی مرۆڤەکان لە “مەدەنی”یەوە بۆ “ئامانج” دەگۆڕێت. بەم شێوەیە، “داتا” دەبێتە گەورەترین سیخوڕ و ژیانی دیجیتاڵی دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی فیزیکی.
بەڵام ناسینەوەی کەسەکان بەبێ دیاریکردنی شوێنیان تەواو نابێت، لێرەدا سیستەمی دووەم کە بە (The Gospel – ئەلبەشیر) دەناسرێت، ئەرکەکە وەردەگرێت. ئەگەر لاڤیندەر “کێ” دەدۆزێتەوە، ئەوا ئەلبەشیر شوێنەکان دەستنیشان دەکات. ئەم هەماهەنگییەی نێوان دوو ئەلگۆریتمەکە وای کردووە سوپاکان بتوانن لە چەند کاتژمێرێکدا لیستی سەدان ئامانج وەک کۆگای چەک و ماڵی سەرکردەکان ئامادە بکەن، کە پێشتر مرۆڤ پێویستی بە چەندین مانگ بوو بۆ هەمان کار.
ئەم فەرماندە دیجیتاڵییە تەنها لە ژوورە داخراوەکانی هەواڵگریدا نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ناو جەرگەی مەیدانەکەش. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی پڕۆژەی (Project Maven)ـەوە، تەکنەلۆژیای “بینینی کۆمپیوتەری” بەکاردێنێت بۆ جیاکردنەوەی ئۆتۆمبێلە مەدەنییەکان لەو بارستە موشەکانەی کە بەرەو بنکە ئەمریکییەکان ئاڕاستە دەکرێن. لە بەرامبەر ئەمەدا، ئێران جەنگەکەی بردووەتە قۆناغی “ئۆتۆنۆمی”؛ درۆنە خۆکوژەکانی وەک (شاهد 136) ئێستا لە ڕێگەی شیکردنەوەی وێنەیی (Image Matching) شوێنی ئامانجەکانیان دەدۆزنەوە، تەنانەت ئەگەر سیگنالی GPS تێکبدرێت. هاوکات تاران لە “جەنگی ناسنامە”دا ژیریی دەستکرد بەکاردێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکار بە مەبەستی تێکدانی باری دەروونی ناوخۆیی ئیسرائیل.
لە کۆتاییدا، دەبێت بپرسین: ئەم جەنگە بەرەو کوێمان دەبات؟ گواستنەوەی جەنگ لە مەیدانی مرۆییەوە بۆ مەیدانی سارد و بێبەزەیی دیجیتاڵی، هەرچەندە وردی و خێرایی بە سوپاکان بەخشیوە، بەڵام مەترسییەکی گەورەی لەسەر مافی تایبەتمەندی و ژیانی هاووڵاتیی مەدەنی دروست کردووە. کاتێک “ئەلبەشیر و لاڤیندەر” بڕیار لەسەر ئامانجەکان دەدەن، سنووری نێوان چەکدار و هاووڵاتیی مەدەنی تەڵخ دەبێت. ئەمە جەنگێکی نوێیە کە تێیدا هەڵەیەک لە کۆدەکاندا دەبێتە هۆی کارەسات لەسەر زەوی؛ جەنگێک کە تێیدا بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی لە نێوان مرۆڤ و ئامێردا ون دەبێت و پێدەچێت لە داهاتوودا، ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی گەلان بدات، تەنها یەک “پیت” یان “کۆد”ی هەڵە بێت.