بۆچی عێراق تا ئێستا نەیتوانیووە سوود لە گەورەترین سەرمایەی خۆی وەربگرێت کە “نەوت” نییە؟

سەفا ئەنوەر

نەوت دەبێتە مێژوو و تەنها فێری “خۆبژێوی”مان دەکات. دەوڵەمەندیی ڕاستەقینەی عێراق لە کێڵگە نەوتییەکان و دەرهێنانی نەوت نییە، بەڵکو لەو هێزە مرۆییە گەنجەدایە کە داهاتووی وڵاتی پێ دروست دەکات..
لە کاتێکدا ئەوروپا و وڵاتانی پێشکەوتووی ئاسیا وەکوو ژاپۆن و کۆریای باشوور بەدەست پیریی دانیشتوان و کەمبوونی هێزی کارەوە دەناڵێنن، عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. لە ناوەڕاستی دەییەکی یەکلاکەرەوە کە (٢٠٢٥-٢٠٣٥)ە ئەگەر ئێستا ئەم سەرمایە بەنرخە نەقۆزێتەوە، ئەم گۆڕانە دیمۆگرافییە دەگۆڕێت بۆ کارەساتێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورە بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە.

بەپێی کۆتا سەرژمێری بێت، ئامارە سەرەکییەکانی دانیشتوانی عێراق وەکو خەزێنەیەک دێنە بەر چاو :

خوار تەمەنی ٣٠ ساڵ: لە ٦٥٪ی کۆمەڵگە پێکدەهێنن کە ئەمەش گەنجترین هێزی ناوچەکەن.
خوار تەمەنی ٢٤ ساڵ: ٥٧٪ی کۆمەڵگە پێکدەهێنن.

تەمەنی کارکردن (١٥ بۆ ٦٤ ساڵ): ٦٠٪ی دانیشتوانن کە ئەمەش لوتکەی وزەی مرۆین و هێزی کارن.

تەمەنی ناوەندیش ٢١ ساڵە، لە کاتێکدا لە ئێران و تورکیا لە سەرووی ٣٠ ساڵییەوەیە.
تەمەنی سەروو ٦٥ ساڵ یاخوود (پیران) تەنها ٣٪ بۆ ٥٪ی کۆمەلگای عێراق پێکدەهێنن.

هۆکارەکانی بە فیرۆدانی ئەم هێزە چییە؟
سیستەمی پەروەردەی کلاسیک و زانکۆکان بڕوانامەی بیردۆزی دەبەخشن کە بازاڕی مۆدێرن (تەکنەلۆژیا، لۆجیستیک، کارگێڕی) پێویستی بەم شێوازە پسپۆریانە نییە .
پەراوێزخستنی ژنان: نزمی ڕێژەی بەشداری ژنان لە بازاری کاردا لە ٥٠%ی هێزی هزری وڵات کەم دەکات چونکە دەرفەت بۆ بەشداریان لە بازاری کاردا کەمە و هۆکارەکەش چەق بەستووی هزری عەشایریە لەم وڵاتەدا.

چارەسەر و نەخشەی ڕێگا چییە؟
جێبەجێ کردنی سیستەمی خوێندنی هاوتەریب لەگەڵ بازاری کاردا: پێویستە خوێندکاران هاوشانی لایەنی بیردۆزی، لە ناو کەرتی گشتی و کەرتە تایبەتەکاندا مەشقی پراکتیکی بکەن؛ بۆ ئەوەی پاش دەرچوونیان، بە ئەزموون و ئامادەیی تەواوەوە ڕاستەوخۆ بچنە ناو بازاڕی کار و بەرهەمهێنانەوە.

وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا: ئاڕاستەکردنی گەنجان بەرەو بازاڕی ئەلیکترۆنی و ژیریی دەستکرد(AI) کە زۆر بە خێرای گەشە دەکات و هەلی کار دەڕەخسێن.

پشتیوانی کەرتی تایبەت: کەمکردنەوەی باج لەسەر پڕۆژە بچووک و ناوەندەکان و پێدانی قەرزی سەرەتایی بە گەنجان بۆ بوژاندنەوەی بازاڕی کار و ئابووری وڵات.

لە دەرەنجامدا: ئەم پێکهاتە گەنجە دەرفەتێکی کاتییە و بۆ هەمیشە بەردەست نابێت. ئەگەر ئەمڕۆ وەبەرهێنان لە گەنجەکانماندا نەکەین، سبەی باجێکی قورسی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەدەین کە بە هیچ کێڵگەیەکی نەوتی قەرەبوو ناکرێتەوە.