حامید گەوهەری
سێ وڵاتی ئەلمانیا، ئیتالیا و ژاپۆن یه‌کیانگرت و کاتژمێر ٠٤:٤٥ ڕۆژی یه‌کی سپتێمبەری ١٩٣٩، سوپای ئەلمان هێرشی کردە سەر پۆڵۆنیا “لهستان” و جه‌نگی دووه‌می جیهانیی هەڵگیرساند. لەو پەلاماردانەدا، به‌شێک له وڵاتانی ئه‌وروپا، ئافریقا و ئاسیا کەوتنە دەست ئەو سێ وڵاتانە. له به‌رامبه‌ردا، ئینگلیز و ئه‌مریکا بۆ پێش‌گرتن بە ئەلمانیا هاوپه‌یمانییه‌کیان پێکهێنا و دواتریش یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت هەرچەندە وڵاتێکی سۆسیالیستیی بوو، چوو له‌و هاوپهیمانییهوە و ئەوانیش ڕۆژی ١٩٤١/٨/٢٥ ئێرانیان داگیرکرد.
ئامانجی ستراتیژیی هاوپه‌یمانان له داگیرکردنی ئێران، ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ چوار خاڵی وه‌ک:
١- به‌ده‌ستخستنی ڕێگاکانی ئێران به‌ره‌و ده‌ریای خه‌زه‌ر بۆ گه‌یاندنی چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی به یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت.
٢- داگیرکردنی بیره نه‌وتییه‌کانی باشوری ئێران بۆ پارێزگارییکردن لێیان و ڕێگه‌نه‌دان به نازییه‌کان که بیانته‌قێننه‌وه.
٣- ده‌رکردنی کارگه‌ران و پسپۆڕانی ئەلمانی، بۆ به‌رگرییکردن له کاری تێکده‌رانه‌یان له ڕێگاکانی هاتووچۆ و بیره نه‌وتییه‌کاندا و ڕێگرتن له کودەتا که نه‌توانن به یارمه‌تی ئێرانییه‌کانی لایه‌نگری ئەلمانیا، گروپی فاشیستیی پێکبهێنن و کودەتا بکه‌ن.
٤- له کاتی نزیکبوونه‌وه‌ی سوپای ئەلمان له سنوری ئێران، هێزه‌کانی ئینگلیز پێشیان لێ بگرن.
به‌و مه‌به‌ستانه، ئینگلیز کە پێشتر عێراقی داگیرکردبوو، له خانه‌قینه‌وه خزایه نێو خاکی ئێران و به کرماشان و هه‌مه‌داندا خۆی گه‌یانده قه‌زوێن و له به‌سره‌وه هات و ناوچه‌ی باشوری خوزستانی داگیرکرد. لەگەڵ جێگیربوونی له ناوچه نه‌وتییه‌کانی ئێران‌دا، باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشی له ئیلامه‌وه تا ده‌گاته سه‌قز، کەوتە ده‌ست ئینگلیز. هه‌روه‌ها به هێڵی ده‌ریادا به‌ره‌و به‌نده‌ر شاپور چوو، و دەستی بەسەردا گرت.
سوپای سۆڤیه‌ت دوای بۆمبارانکردنی سه‌ربازگه‌کانی قه‌زوێن، ڕه‌شت، ته‌ورێز، مه‌شهه‌د، گورگان، ئه‌رده‌وێل، ورمێ و مهاباد، به جوڵفادا خۆی گه‌یانده ته‌ورێز و له ئاستاراوه به‌ره‌و به‌نده‌ر په‌هله‌ویی و ڕه‌شت چوو. په‌لاماری سنوری باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی خۆراسانی دا و له ئاکامدا سوپای ١٢٧ هه‌زار که‌سیی ڕه‌زاشا به‌چۆکدا هات.
هه‌موو خۆراسان، مازندەران، ئازه‌ربایجانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا و به‌شێک له شاره‌کانی کوردستان وه‌ک: خۆی، ماکۆ، شاپور، ورمێ، شنۆ، نه‌غه‌ده، مهاباد، میاندواو، هه‌وشار و بۆکان، که‌وتنه ده‌ست سۆڤیه‌ت. به‌هاتنی سوپای سۆڤیه‌ت بۆ ئه‌و ناوچانه، لهشکرەکانی خۆراسان و ورمێ و سه‌ربازگه‌ی مهاباد کەوتنە دەست ڕوسەکان.
سۆڤیه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ی ئینگلیزه‌کان هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ سوپای ئێران کرد و نه‌یهێشت سوپای ئێران له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا، حوکمڕانیی بکات. دوای هێوربوونه‌وه‌ی دۆخه‌که، سوپای ئێران ویستی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ورمێ، به‌ڵام سوپای سۆڤیه‌ت پێشی لێگرت. له هه‌مان کاتدا، محه‌مه‌د عه‌لی فروغی که له‌جێی ڕه‌جه‌بعه‌لی مه‌نسور، پۆستی سه‌رۆکوه‌زیرانی پێ‌درابوو، له هه‌موو ده‌ره‌تانێک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ناکۆکیی له نێوان ئێران و یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت و بریتانیا سودی وه‌رده‌گرت. ڕۆژی ١٩٤١/٩/٨، ڕێککه‌وتنامه‌یه‌کی ده‌رباره‌ی داگیرکردنی ئێران له لایه‌ن هێزه‌کانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت و بریتانیا مۆرکرد. ڕۆژی ١٩٤١/٩/١٤، باڵیۆزه‌کانی سۆڤیه‌ت و ئینگلیز هه‌ڕه‌شه‌یان له ڕه‌زاشا کرد که تا ڕۆژی ١٩٤١/٩/١٧، بە سودی محه‌مه‌د ڕه‌زای کوڕی، تاج و ته‌خته‌که‌ی به‌جێبهێڵێت. ڕۆژی ١٩٤١/٩/٢١، ڕه‌زا شا و بنه‌ماڵه‌که‌ی جگه‌له محه‌مه‌د ڕه‌زای کوڕی، ڕه‌وانه‌ی به‌نده‌رعه‌باس کران و به پاپۆڕێکی بریتانیایی بۆ دوڕگه‌ی مۆریس له ئه‌فریقای باشوور دوور خرانه‌وه.