گوتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان دەڵێت، هیچ لایەنێک داوای كورسییەكانی ئێمەی نەكردووە، لایەنەكان بەو ئەندازە خوێندنەوەی سیاسییان هەیە بزانن لە كام دەرگا بدەن دەرگایان لێ دەكرێتەوە یاخود نا.
موحەممەد حەكیم، گوتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕایگەیاند: “بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتووە، باس لە كۆبوونەوەی لووتكەی پارتی و یەكێتی كراوە؛ بەڵام پارتی لە بنەڕەتدا لەگەڵ كۆبوونەوەیەک نییە ئەگەر ئەنجامەکەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی کوردستان نەبێت، یەكێتیش كۆبوونەوەی لووتكەی پەیوەست كردووە بە دۆسیەی پێكهێنانی حكومەت و پێداگرە لەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت بە یەک پاكێج بێت.”
موحەممەد حەكیم گوتیشی: “کۆمەڵی دادگەری بە باشی دەزانێت پارتی و یەکێتی پێكبێن و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەكە سازش بۆ یەكتر بكەن، لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.”
لەبارەی هەوڵی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لەپێناو زیادكردنی كورسییەكانیان، گوتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان دەڵێت: “هیچ كەس داوای كورسییەكانی كۆمەڵی دادگەری نەكردووە، لایەنەكان بەو ئەندازەیە خوێندنەوەیان بۆ دۆخی سیاسیی كوردستان هەیە كە دەزانن لە كام دەرگا بدەن دەرگایان لێ دەكرێتەوە یاخود نا.”