بەهۆی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت

گومان دەکرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بخرێتە بەرنامەی کارەوە، دوو فراکسیۆنی کوردی بەشداری ناکەن و یەکێکی دیکەش داوای دڵنیایی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە.

کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 5-8-2025 پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پێنج پڕۆژەیاسا دەدرێت و پێنج پڕۆژەیاسای دیکەش خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت، هاوکات گومان هەیە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق نابن و فراکسیۆنی یەکگرتووش دەڵێت بەو مەرجەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی نەخرێتە بەرنامەی کارەوە بەشداری دەکەن، بۆ ئەمەش داوای دڵنیایییان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە.

ئەگەرچی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەماندا نییە، بەڵام بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، 50 پەرلەمانتار دەتوانن واژۆ کۆبکەنەوە بۆ زیادکردنی هەر بڕگەیەک؛ دواتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەیخاتە دەنگدانەوە و ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا، ئەو بڕگەیە زیاد دەکرێت.