دوای پێنج ڕۆژ لە کوشتنی هاونیشتمانییەک لە سنووری قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، پۆلیس ڕایگەیاند، بکوژەکە کوڕی کوژراوەکەیە.
24ـی تەممووز، لە نزیک گوندی تەپەڕەش لە قەزای سەیدسادق هاونیشتمانییەک کوژرا. ئەوکات پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندبوو: “کوڕی کوژراوەکە گوتوویەتی، باوکی کێشەی لەگەڵ بکوژەکاندا هەبووە”.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند: “ئەو خێزانە بۆ کاری مەڕداری چوونەتە سنوورەکە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت بکوژی پیاوەکە کوڕەکەی خۆی بووە”.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: “هۆکاری ڕووداوەکە دەمەقاڵێی نێوان باوک و کوڕەکەی بووە”.
هەر ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: “دوای رووداوەکە دوو كەس بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكە دەستگیرکران، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەڵگەی پێویست كۆكرایەوە و یەكێك لە تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان کە تاوانەكەی کردووە، کوڕی تاوانلێکراوەکەیە”.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی (ك، ب، ق)ە و لە دایكبووی 2001ە، بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە.