مەسرور بارزانی و محەممەد ئەلحەسان جەخت لە گەرەنتیکردنی شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەنەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لە گەرەنتیکردنی شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان کردەوە.

رۆژی سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سەرۆکی نێردەی ( یوونامی UNAMI) کرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت: “تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوە، جەختکردنەوە بوو لەسەر ڕێزگرتن و گەرەنتیکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و وەک قەوارەیەکی دەستووریی و فیدراڵی.”

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: “جەختیان لە کۆتاییهێنان بە هێرشی تیرۆریستیانە بۆ سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی کردەوە.”

“لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، دووپات لە گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.” حکومەتی هەرێمی کوردستان وای گوت.