پزیشکیان سڵاوی تایبەت بۆ بارزانی دەنێرێت

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات

ڕۆژی دووشەممە 28ی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی بەڕێز ڕەزا ڕەحمانی پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کرد.

بارەگای بارزانی دەڵێت:  پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سڵاوی تایبەتی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و هەروەها سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە ئاسانکارییەکی زۆر باش بۆ ئەو زیارەتکارانە دەکات کە لەڕێی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران سەردانی عێراق دەکەن.

 بارەگای بارزانی دەشڵێت: هەر لەو دیدارەدا  جەخت لە پەیوەندی و دۆستایەتیی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و جووڵەی بازرگانیی نێوان هەردوولا کرایەوە.