نۆرەگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ بەنزین لە شەواندا قەدەغە کرا

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بڕیاریدا ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەبەردەم بەنزینخانەکان بەمەبەستی نۆرەگرتن لە شەواندا قەدەغە بکات و هۆشداریی سزادانیش دەداتە سەرپێچیکاران.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئابی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند:  ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە پێش بەنزینخانە، شەقام و کۆڵانەکاندا بۆ نۆرەگرتنی بەنزین ڕۆژێک پێش دابەشکردنی، بەتایبەتی لە کاتی شەواندا، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریش دەداتە شۆفێران، لە حاڵەتی پابەندنەبوون و سەرپێچیکردندا، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆوە تۆماردەکرێن و سزای دارایی (پێبژاردن)یان بۆ دەنووسرێت.

لە کۆتاییشدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە هیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ نۆرەگرتن لە شەقام و کۆڵانەکاندا ڕانەگرن و بەجێی نەهێڵن.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان حکومەت بەنزینی پاڵپشتیکراو بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکات. بەهۆی هەرزانیی نرخی ئەم جۆرە بەنزینە بەراورد بە نرخی بازرگانی، زۆرجار قەرەباڵخییەکی زۆر لە بەردەم ئەو بەنزینخانانە دروست دەبێت کە بڕیارە بەنزینەکەی لێ دابەش بکرێت.