مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێکان و پاڵپشتیی حکومەتی عێراقیش دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک، هاوکات بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و بوونی سەربازی ئەمریکا لە بنکەی هەریر ڕەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 8ی ئابی 2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (ئەلجەزیرە)ـی قەتەری ڕایگەیاند: “هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆن بووەتەوە، هێرشەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێران یان لە ناوخۆی عێراقەوە لە ڕێگەی هەندێک گرووپی چەکدارەوە ئەنجامدراون.”
مەسرور بارزانی گوتیشی: هیچ لایەنێک گوشاری نەخستووەتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێوەگلان لە جەنگ. ڕوونیشی کردەوە، کاری لەپێشینە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیەتی لە ئاڵۆزییەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی هەبوونی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیلی ڕەتکردەوە، جەختی کردەوە ،بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵییە.
پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، پەیوەندییان لەگەڵ دیمەشق باشە و بەرەو پێش دەچێت، هاوکات پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بە زۆر باش وەسف کرد و باسی لە بەرەوپێشچوونی هەماهەنگییەکانیان کرد.