کارەبای عێراق کێشەی تێکەوت و کەمدەکرێتەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاندووە کە بەهۆی کەمبوونەوەی بەردەوامی دابینکردنی گازی ئێران و ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 21 هەزار و 600 مێگاوات دابەزیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێویستی وڵاتەکە لە نێوان 50 بۆ 55 هەزار مێگاواتدایە، کە دەبێتە هۆی کورتهێنانی نزیکەی 30 هەزار مێگاوات لە تۆڕی نیشتمانی.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەم کورتهێنانە گەورەیە بە هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی دابینکردنی گازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە باشووری وڵاتەکەوەیە. ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەکرد کە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بەغداد و تاران، پێویستە ڕۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە ئێرانەوە بگاتە عێراق، بەڵام لە ئێستادا تەنها 20 ملیۆن مەتر سێجا گاز وەردەگرن. ئەو پاشەکشەیەش بەپێی قسەکانی تۆرکی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دۆخی ئاڵۆزی و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە هەیە لە ناوچەکەدا.

لە لایەکی دیکەوە، هەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕووی کێشە هاتووەتەوە و ڕاگرتنی کاتیی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی 1400 مێگاواتی دیکە لە تۆڕی نیشتمانیی کارەبای عێراقدا.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە و پڕکردنەوەی بەشێک لەم کورتهێنانە، حکومەتی فیدراڵی عێراق پەنای بردووەتە بەر کڕینی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە بڕی 500 بۆ 1000 مێگاوات کە قەبارەکەی بەپێی گۆڕانکاری وەرزەکان دەگۆڕێت. هاوکات، هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ دۆزینەوەی سووتەمەنیی جێگرەوە بەردەوامە.

بەهۆی توندبوونی قەیرانەکە لەم وەرزی گەرمایەدا کە خواستی هاووڵاتییان بۆ کارەبا بەرز دەکاتەوە و پشتبەستن بە مۆلیدە ئەهلییەکان زیاتر دەکات، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریداوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا عەلی سەعید وەهیب، وەزیری کارەبای عێراق بانگهێشت بکات بۆ تاوتێکردنی ئەم بارودۆخە لەگەڵ پەرلەمانتاران.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی کارەبای عێراق ڕاشیگەیاندووە کە ئێستا بە خێرایی کار لەسەر تەواوکردنی پڕۆژەکانی بەستنەوەی کارەبا بە وڵاتانی کەنداو، گەشەپێدانی وزەی خۆر، و نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی گشتی دەکات بۆ چارەسەری کێشەکە لە درێژخایەندا.