چەندین تانکەر لە ڕێگەن بەرەو هەرێم و قەیران دروست نابێت

لە راگەیەندراوێکی هاوبەش، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدەن، قەیرانی گازی ماڵان ڕوونادات و كار دەكرێت بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی كێڵگەی كۆرمۆر بە زووترین كات.

ئەمڕۆ هەینی 17ی تەممووزی 2026 هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکان و وەستانی کارەکانی کۆمپانیای داناگاز، هەناردەی گاز بۆ وێستگەکان ڕاگیراوە و بڕی 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، تیمێکی هاوبەش ڕاسپێردراون بۆ دابەشکردنی ئەو بڕە کارەبایەی کە لە وێستگە جۆراوجۆرەکان بەرهەم دێت، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بکرێت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە بۆ دابینکردنی گازی شل و پڕکردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەی ماڵان، ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی عێراق وەرگیراوە و هەر ئەمڕۆ چەندین تانکەری گاز ڕەوانەی شارەکانی هەرێم دەکرێن.

کێڵگەی کۆرمۆر یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی دابینکردنی وزەی سروشتی لە هەرێمی کوردستان و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی بووەتەوە.