عێراق پێنج پڕۆژەیاسا ڕەوانەی پەرلەمان دەکات و هەڕەشەی کشانەوە لە ئۆپێک دەکات

وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی نەختینە، کار لەسەر پەیڕەکردنی سیستمێکی نوێی دارایی دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش 5 پڕۆژەیاسا ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات. هاوکات بەغدا فشارەکانی بۆ سەر ڕێکخراوی ئۆپێک دەست پێ کردووە و هەڕەشەی کشانەوە دەکات ئەگەر پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ 5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد نەکرێت.

دکتۆر جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی، جەخت لەسەر پێویستی پاڵپشتی پەرلەمان بۆ وەرگرتنی قەرز و جێبەجێکردنی پلانی “نەوت بەرامبەر پڕۆژە” کراوەتەوە تاوەکو وڵات لەم دۆخە داراییە ڕزگار بکرێت.

ئەم پڕۆژەیاسایانەی وەزارەتی دارایی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی دارایی عێراقدا دروست دەکەن و بودجەی ئەمساڵ لەسەر بنەمای سیستمێکی نوێی 3 بەشی دادەڕێژرێت، کە لە قۆناغی یەکەمدا لە وەزارەتی کارەبا و هەردوو پارێزگای دیوانیە و سەڵاحەدین تاقیدەکرێتەوە. بەپێی ئەم پلانە، بڕی 200 ترلیۆن دینار تەرخان دەکرێت، کە 150 ترلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان و 13 پارێزگاکەی تری عێراق دەبێت، هەروەها 20 ترلیۆن دیناریش بۆ تەواوکردنی پڕۆژە کۆنەکان تەرخان دەکرێت و هیچ بودجەیەک بۆ پڕۆژەی نوێ دابین ناکرێت. ئەم گۆڕانکارییانە وەک جێگرەوەیەک بۆ سیستمی کۆنی بودجە دەبن کە پێشتر لە 71 بڕگە پێک دەهات.

حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی دروستکردنی سندوقێکی وەبەرهێنانەوە سیستمی گۆڕینەوەی نەوت بە پڕۆژە جێبەجێ بکات، کە تێیدا وڵاتانی ئیمارات و قەتەر بەڵێنیانداوە بڕی 100 ملیار دۆلار لەو سندوقەدا دابنێن. لە هەمان کاتدا، بەغدا لەگەڵ واشنتن گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ پێدانی 400,000 بەرمیل نەوت لە بەرامبەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی کارەبا و نەوت لەلایەن ئەمریکاوە، هاوکات وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیاش ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لەم سیستمەدا دەربڕیوە. ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە عێراق بە فەرمی داوای لە ئۆپێک کردووە پشکی بەرهەمهێنانی بۆ ئاستی پێویست بەرز بکاتەوە بۆ دابینکردنی تێچووی ئەم پڕۆژانە.

ئەو 5 پڕۆژەیاسایەی کە وەزارەتی دارایی ئامادەی کردوون، چەند تەوەرێکی گرنگی وەک ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی وەبەرهێنان، ڕێکخستنەوەی چۆنیەتی بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرەکانی سەر بە وەزارەت لەخۆ دەگرن. یەکێکی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم یاسایانە بریتییە لە گواستنەوەی بەشێک لە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت، کە ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی باری دارایی سەر شانی حکومەت و بووژانەوەی کەرتی تایبەت لە عێراقدا سەیر دەکرێت.