لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا 27 کەس گیانیان لەدەستدا

لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە میوانخانە و یانەیەکی شەوانەی شاری بانکۆکی پایتەختی تایلاند، لانیکەم 27 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 60 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووزی 2026  بەرپرسانی تایلاند ڕایانگەیاند: لە نێو 60 بریندارەکەدا، زیاتر لە 20 کەس بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵەوە دۆخی تەندروستییان باش نییە.

لەلایەکی دیکەوە، تیمەکانی فریاگوزاری باس لەوە دەکەن، لە کاتی ئاگرەکەدا، ژمارەیەکی زۆری بەشداربووان ویستوویانە خۆیان بگەیەننە دەستشۆرەکان بۆ ڕزگاربوون، بەڵام پاشان تەرمەکانیان هەر لەوێدا بینراونەتەوە.

تایلاند پێشتریش چەندین ڕووداوی هاوشێوەی بەخۆیەوە بینیوە، دیارترینیان لە شەوی سەری ساڵی 2009 بوو لە یانەی شەوانەی “سانتیکا” لە بانکۆک، کە تێیدا 67 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربوون.