پاسێک کەوتە نێو دۆڵێکەوە و 40 کەس گیانیان لەدەستدا

پاسێک بەهۆی خێرایی زیاد و بارکردنی سەرنشینی زیاتر لە توانای خۆی، لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری ڕۆژئاوای پاکستان کەوتە نێو دۆڵێکی قووڵەوە. بەلایەنی کەم 40 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ هەینی 3ی تەممووزی 2026 سه‌نائوڵا شێرانی به‌رپرسی ناوه‌ندی فریاكه‌وتن له‌ ناحیه‌ی زۆب له‌ ڕۆژئاوای پاكستان ڕایگه‌یاند: “پاسێکی گواستنەوەی هاووڵاتییان کە لە شاری “کوێتا” بەرەو “پێشاوەر” بەڕێکەوتبوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی “داناسار” لایداوە و کەوتووەتە ناو دۆڵێکی قووڵەوە، به‌هۆیه‌وه‌ 40 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 11 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.”

سەنائوڵا شیرانی، ئاماژەی بەوەش کرد، “برینداره‌كان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، له‌نێویاندا سێ كه‌سیان باری ته‌ندروستییان ناجێگیره‌.”

لای خۆیەوە، ئاسیف عەلی زەرداری، سەرۆککۆماری پاکستان، لە پەیامێکدا هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد باشترین چارەسەری پزیشکی بۆ بریندارەکان دابین بکەن.

ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە پاکستان بەهۆی خراپی ڕێگەوبان، جێبەجێ نەکردنی یاساکانی هاتووچۆ و شۆفێریی بێباکانە بەردەوام ڕوودەدەن، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا.