دوو بوومەلەرزەی یەک لە دوای یەک بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلایان هەژاند و بەهۆیانەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026 دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند: “تاوەکو ئەم کاتە، ڕاپۆرتی مردنی 32 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 700 کەسمان پێگەیشتووە.”
دێلسی ڕۆدریگێز، ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا داتای تەواویان لەبارەی ناوچەی (لا گوایرا)ەوە پێ نەگەیشتووە کە یەکێکە لە زیانمەندترین ناوچەکان و دەکەوێتە نزیک کاراکسی پایتەخت.
حکومەتی ڤەنزوێلا بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە، هێڵەکانی غازی سروشتی لە کاراکاس بڕیوە و گەشتەکانی میترۆ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سیمۆن بۆلیڤاری بەتەواوی ڕاگرتووە. بەهۆی زیانە زۆرەکانەوە فڕۆکەخانە سەرەکییەکە داخراوە و سەرجەم گەشتەکان هەڵوەشێندراونەتەوە، هەروەها دەوامی قوتابخانەکانیش بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگیراوە.
تیمەکانی فریاگوزاری و تەندروستی لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بەو ناوچانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە پەیوەندییان پچڕاوە، بۆ ئەوەی ئاماری کۆتایی قوربانیان و زیانە ماددییەکان ڕابگەیەنن.