سالم جاسم
ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان ئێران و ئەمریکا، دەرگەی وەرچەرخانێکی ڕیشەیی بە ڕووی هاوکێشە سیاسی، ئەمنی و جیۆپۆلەتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکاتەوە. ئەم کرانەوە دیپلۆماسییە ناکۆکییە مێژوویی و ستراتیژییەکان ناسڕێتەوە، بەڵکو ململانێکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆوە دەگوازێتەوە بۆ گۆڕەپانێکی ئاڵۆزتر، کە تیایدا کێبڕکێی ئابووری و ململانێی کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوەکان لەگەڵ پێکهاتە ئایدیۆلۆژی و ئەمنییەکاندا تێکەڵ دەبن. لە ڕوانگەی ستراتیژیی تارانیشەوە، ئەم ڕێککەوتنە بە واتای قبووڵکردنی سیستەمێکی نوێی هاوبەش یان کۆتاییهاتنی ململانێکەی لەگەڵ واشنتۆن نییە، بەڵکو زیاتر وەک دەرفەتێکی تەکتیکی بۆ پشوودان و خۆڕێکخستنەوە سەیر دەکرێت، کە ئامانج لێی بووژاندنەوەی ئابوورییە ناوخۆییەکەیەتی لە ڕێگەی هەڵگرتنی سزاکانەوە، بێ ئەوەی دەستبەرداری ئەو ستراتیژیەتە نەگۆڕەی بێت کە لە هەوڵی لاوازکردن و وەدەرنانی هێزەکانی ئەمریکادایە لە ناوچەکەدا. هەڵبەتە، ئەم وەرچەرخانە لەسەر زەمینەیەکی زۆر ناسەقامگیر دەبێت، چونکە سروشتی لاوازیی ڕێککەوتنەکە و ئەگەری گۆڕانکاریی سیاسی لە ناوخۆی ئەمریکادا، هەمیشە مەترسیی هەرەسهێنانی لەناکاوی لێ دەکرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، سیاسەتی هەرێمیی ئێران گۆڕانکارییەکی تەکتیکی بەخۆیەوە دەبینێت، بە جۆرێک تاران بەرەو ئاوێتەکردنی هێزی سەربازی و هەژموونی بازرگانی هەنگاو دەنێت. پاراستنی تۆڕی هێزە بریکارەکانی لە عێراق، لوبنان و یەمەن وەک بنەمایەکی ئایدیۆلۆژی و ئەمنی نەگۆڕ دەمێنێتەوە، چونکە تاران هەرگیز ئەم ستراتیژە قووڵە بە کارتێکی کاتیی بازرگانی ناگۆڕێتەوە، بەڵکو وەک کۆڵەکەی سەرەکیی بەرگریی پێشوەختە و پڕۆژە نەتەوەیی-مەزهەبییەکەی سەیری دەکات. بەڵام ئەوەی دەگۆڕێت شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم هەژموونەیە. دوای لابردنی سزاکان، تاران بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی ئابوورییەکەی، هەڵاوسانی زۆر و پێویستیی ڕەهای بە سەرمایەی دەرەکی، ناتوانێت وەک وڵاتێکی وەبەرهێنەری سەربەخۆ بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا بکات. لە جیاتی ئەوە، ستراتیژیەتی تاران لەسەر بەدامەزراوەییکردنی هەژموونەکەی چڕ دەبێتەوە؛ ئەمەش لە ڕێگەی پێکەوەگرێدانی تۆڕەکانی کارەبا، هێڵەکانی غاز و بەدەستهێنانی گرێبەستی فەرمی بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران لە ناو جومگەکانی دەوڵەتی عێراق و هەروەها لە سووریای قۆناغی نوێدا جێبەجێ دەکرێت، تاوەکو جۆرێک لە پێگەی یاسایی و فەرمی بەدەست بهێنێت. بێگومان جێبەجێکردنی ئەمەش لەسەر ئەرزی واقیع، پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی و تەکنەلۆژیی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی چین دەبێت بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە داراییەکانی ئێران.
ئەم گۆڕانکارییە دەرەکییە لە ناوخۆی ئێراندا ململانێیەکی توند لە نێوان باڵی دیپلۆماسی و باڵی سەربازیدا دروست دەکات، بەتایبەت کە باڵی سەربازی مانەوەی خۆی لە پشێوی و نائارامیدا دەبینێتەوە. هاوکات، پڕۆسەکە تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبێت بۆ ڕەوایەتیی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی، چونکە ئەگەر داهاتە ئازادکراوەکان لەبری باشکردنی بژێویی خەڵک، تەنها بۆ پڕکردنی خەزێنەی دامەزراوە سەربازییەکان و پارەدارکردنی بەرەی مقاوەمە تەرخان بکرێت، ئەوا گڕی ناڕەزایەتییە شاراوەکانی شەقامی ئێرانی زیاتر تاو دەسەنێت، لێکەوتەکانیشی زۆر قورس دەبن بەسەر مانەوەی سیستەمەکەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هاوکێشەی گەرووی هورمز پێناسەیەکی نوێ وەردەگرێت. ئەگەر ئێران نەوتی خۆی بە شێوەیەکی فەرمی بفرۆشێت، پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لەم ڕێڕەوەدا دەبێتە بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆی دارایی وڵاتەکە. لێرەوە هورمز لە چەکێکی هەڕەشەئامێزەوە دەگۆڕێت بۆ قەڵغانێکی دانوستان، تاوەکو ڕێگر بێت لەوەی واشنتۆن پێشێلی ڕێککەوتنەکە بکات. ئەم دۆخە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ ڕیاز و ئەبوزەبی دەکاتەوە، بەڵام پاراستنی هاوسەنگیی ناوچەیی تەنها بە پارەی ئازادکراو مسۆگەر نابێت، بەڵکو بەستراوەتەوە بە ئاستی پابەندبوونی ئێران بە مەرجە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە سنووردارکردنی کاتیی پیتاندنی یۆرانیۆم. ئەمەش سازشێکی تەکتیکییە کە تاران وەک مانۆڕێک بۆ کەمکردنەوەی ترس و نیگەرانیی وڵاتانی کەنداو بەکاری دەهێنێت، لە کاتێکدا توانای بنەڕەتی و شارەزایی ئەتۆمیی خۆی وەک دەوڵەتێکی خاوەن توانای ئەتۆمیی شاراوە دەپارێزێت.
لەم کێبڕکێیەدا، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چڕتر دەبنەوە بۆ کەمکردنەوەی سەنگی جیۆپۆلەتیکی گەرووی هورمز، ئەوەش لە ڕێگەی پڕۆژە زەبەلاحەکانی وەک “ڕێگەی گەشەپێدان” و بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەورووپا و ڕۆژئاواوە، بەڵام ململانێی ڕاستەقینە تەنها لەسەر نەخشە و کاغەز نییە، بەڵکو ئیرادەی سیاسی و ئەمنیی هێزە ناوخۆییەکان یەکلایی دەکاتەوە. لە عێراق و سووریادا، هاوکێشەکە تەنها بە ویست و ئارەزووی تاران و واشنتۆن کۆتایی نایەت، بەڵکو ململانێی هێزە نیشتمانییەکان، پێکهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەکان، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دەروازە ستراتیژییەکانی وەک ئەلبوکەمال و تەنف، دەتوانن گەورەترین پڕۆژەی ئابووریی دەرەکی پەک بخەن ئەگەر بەرژەوەندییە لۆکاڵییەکانیان ڕەچاو نەکرێت.
لەم دیمەنە ئاڵۆزەدا، پێگەی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی دوای ڕێککەوتنەکەی ئێراندا تەنها لە چوارچێوەیەکی ئابووریی تەسکدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بۆ تاران وەک هێڵی پێشەوەی ئاسایشی نیشتمانی دەمێنێتەوە. ئەمەش بەهۆی بوونی هێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران و ترسی تاران لە دزەکردنی هەواڵگریی ڕکابەرەکانی بۆ ئەو ناوچەیە. لێرەوە، پاراستنی هاوسەنگی، پێگەی دەستووری و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، هەم وەک بەربەستێک لە بەردەم قۆرخکاریی ڕەهای جیۆپۆلەتیکی لە باکووری عێراقدا کار دەکات، هەم دەبێتە چەقی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە ململانێ ئەمنییە قووڵەکانی نێوان تاران و هەولێر بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو.
لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە وەک پێدانی شەرعییەتی فەرمی بە پێگەی هەرێمیی ئێران و دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ بە توانای ئەتۆمیی تاران دەبینێت. ئەمەش بۆ تەلئەبیب مەترسییەکی گەورە و قبووڵنەکراوە. هەرچەندە بەهۆی پشتبەستنی قووڵی ستراتیژیی بە واشنتۆن، بۆ ئیسرائیل قورس دەبێت بەبێ هەماهەنگیی ئەمریکا بچێتە ناو جەنگێکی سەربازیی درێژخایەنەوە، بەڵام بنەما ئەمنییەکانی ئیسرائیل هەرگیز لەسەر بنەمای کاردانەوەی کاتی یان چاوەڕوانیکردنی مەترسی دانەڕێژراوە، بەڵکو پشتی بە ستراتیژیەتی لێدانی پێشوەختە بەستووە. تەلئەبیب نەک تەنها لە ڕێگەی لۆبییەکانییەوە لە کۆنگرێس هەوڵی پەکخستنی لایەنە داراییەکانی ڕێککەوتنەکە دەدات، بەڵکو ستراتیژیەتی جەنگ لە پەراوێزی ئاگربەستدا (کاتێک ئاگربەست ڕادەگەیەندرێت، بەڵام ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگری بەردەوامییان هەیە) بە شێوەیەکی توندتر دەباتە قۆناغێکی نوێوە. بۆیە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانەی قووڵ لە ناوخۆی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەئامانجگرتنی پێگەی گرووپەچەکدارەکانی لە لوبنان و عێراقدا وەک ئەگەرێکی هەمیشەیی دەمێنێتەوە، بێ گوێدانە ئەوەی ئایا واشنتۆن گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرساندووە یان نا.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، پێشوازیی گەرمی چین لەم ڕێککەوتنە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیی پڕۆژەی “یەک پشتێنە و یەک ڕێگە”، تاوەکو دڵنیایی بدات لە بەردەوامیی ڕۆیشتنی وزە. بەڵام پەکین هەمیشە چاودێریی ئەوە دەکات کە ئەم دۆخە نەبێتە هۆی باڵادەستیی ڕەهای هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. بە پێچەوانەی چینەوە، ڕووسیا خۆی لەبەردەم هاوکێشەیەکی نەرێنیدا دەبینێتەوە. مۆسکۆ کە هاوبەشییەکی توندی سەربازی و بواری درۆنی لەگەڵ تاران هەیە، گەڕانەوەی فەرمیی ئێران بۆ بازاڕی وزە وەک مەترسییەک بۆ سەر پێگەی خۆی لە بازاڕی غاز و نەوت دەبینێت، چونکە کارتەکانی فشاری مۆسکۆ دژی ڕۆژاوا لاواز دەکات. لەبەر ئەوە، ڕووسیا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە ئاستێک لە گرژیی کۆنترۆڵکراو بپارێزێت تا ڕێگر بێت لە تێکەڵبوونی تەواوەتیی تاران بە سیستەمی دارایی ڕۆژاوا.
هاوکات، تورکیاش لە نێوان لۆژیکی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندیی ئابووریدا گیری خواردووە. ئەگەرچی کرانەوەی ئێران دەرگای بازاڕێکی نوێ بۆ ئەنقەرە دەکاتەوە، بەڵام لە ڕوانگەی ڕیالیزمی سیاسییەوە، ئاسایشی نیشتمانی هەمیشە لەپێش پەیوەندییە بازرگانییەکانەوەیە. کەمبوونەوەی فشاری نێودەوڵەتی لەسەر تاران، دەستی هێزە بریکارەکانی ئێران لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک شنگال، نەینەوا و باکووری سووریا ئازادتر دەکات. ئەمەش وا دەکات تورکیا لە ڕووی سەربازییەوە بە توندی ڕووبەڕووی نفوزی ئێران ببێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی بازرگانیشەوە پەیوەندیی باشیان هەبێت.
لە کۆتاییدا، ڕێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران بە مانای کۆتاییهێنان بە ململانێ مێژووییەکان نایەت، بەڵکو زیاتر داڕشتنەوەی فۆڕمی یارییەکەیە لەسەر تەختەی شەترەنجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ناوچەکە بەرەو ئارامی ناچێت، بەڵکو پێ دەنێتە ناو قۆناغی جەنگێکی ساردی نوێوە، کە تیایدا ململانێی ئایدیۆلۆژی، ستراتیژیەتی لێدانی پێشوەختە و جەنگی ڕێڕەوە بازرگانییەکان پێکەوە کارلێک دەکەن. سەرکەوتن لەم ڕاستییە نوێیەدا بۆ ئەو لایەنە نییە کە تەنها خاوەنی چەکی پێشکەوتووتر یان سامانی زیاترە، بەڵکو بۆ ئەو هێزەیە کە دەتوانێت بە لێهاتووییەوە هاوسەنگی لە نێوان پێویستییە ئابوورییەکان، ئیرادەی هێزە ناوخۆییەکان و جومگەکانی دەوڵەتانی ناوچەکەدا دروست بکات. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای ئەم ڕێککەوتنە، نابێتە ناوچەیەکی بێدەنگ، بەڵکو دەبێتە گۆڕەپانی کێبڕکێیەکی هێمن، ئاڵۆز و ژێربەژێر کە تێیدا ئابووری، چەک و ئایدیۆلۆژیا دەبنە کەرەستەی هاوبەش بۆ نەخشاندنی سنوورە نوێیەکانی هەژموون و دەسەڵات.