لە سەرجەم دامودەزگاکانی ‌حکومەت دوو ڕۆژ کرایە پشووی فەرمی

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ مۆندیالی 2026، بڕیاری دا دوو ڕۆژ پشووی گشتی لە سەرتاسەری وڵات ڕابگەیەنێت و ئەم هەنگاوەی وەک وێستگەیەکی گرنگ لە مێژووی وەرزشی وڵاتدا وەسف کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026 موحەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: “پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکەین بۆ ئەو دەستکەوتە وەرزشییەی کە پاڵەوانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی بە گەیشتنیان بۆ جامی جیهانیی 2026 بەدەستیانهێنا. ئەمە هێنانەدی خەونی ئەو جەماوەرە بوو کە چاوەڕوانی ئەم ساتە مێژووییەیان دەکرد.”

سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، “بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنە مێژووییەوە، ئەمڕۆ و سبەی لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت پشووی فەرمییە.”

لە کۆتایشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی هاندەرانی وڵاتانی برا و دۆستی کرد کە پشتیوانی عێراقیان کردووە و ڕایگەیاند: “وەرزش تەنیا مەیدانی کێبڕکێ نییە، بەڵکو پردێکە بۆ دروستکردنی خۆشەویستی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان.”

عێراق لە دوای ساڵی 1986ـەوە یەکەمجارە دەگاتە مۆندیال، بەوەش دوای 40 ساڵ خەونی گەیشتنی بە یارییەکانی مۆندیالی 2026 بەدیهێنا.