دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوەتی کۆتایی هاتووە و واشنتن ئێستا مامەڵە لەگەڵ گرووپێکی نوێ دەکات، کە ئەمەش بە واتای گۆڕینی ڕژێم دێت لە تاران.
ڕۆژی یەکشەممە 29ی ئاداری 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ناو فڕۆکە تایبەتەکەی لە کاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن ڕایگەیاند: ” هێزی دەریایی ئێران نەما، هێزی ئاسمانییان نەما. ئێمە زۆر بە باشی دەزانین چیمان کردووە. لە ماوەی سێ ڕۆژدا 158 کەشتیی جەنگی و تەواوی هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئەوانمان لەناوبرد، زۆربەی مووشەکەکانیشیان تەقێندراونەتەوە.”
دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: “واشنتن داوا لە تاران دەکات بە تەواوی دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکانی ببێت و ئەو بڕە ئەتۆمییەی هەیەتی ڕادەست بکات کە لە وێستگەکانی ‘نەتەنز’، ‘فۆردۆ’ و ‘ئیسفەهان’ بەدەستهاتوون.”
ترەمپ لەسەر گۆڕینی ڕژێم لە ئێران دەڵێت: “ڕژێمی یەکەم و دوومی ئێران هەموویان لەناوچوون، ئێستا مامەڵە لەگەڵ گرووپی سێیەم دەکەین کە کەسانێکی زۆر ژیرترن.”
ئەم لێدوانە تووندانەی ترەمپ لە کاتێکدایە ناوچەکە لەنێو گرژییەکی سەربازی بێوێنەدایە، هێرش و بۆردمانی شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامە.