کارمەندێکی تەندروستی منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵی ڕزگارکرد

کارمەندێکی لێهاتوو لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای شاری هەولێر توانی منداڵێکی هەشت ساڵان لە ئازار ڕزگار بکات، دوای ئەوەی ‘سوپانەیەک’ لەشێوەی ئەڵقە و ئەنگوستیلە بە تووندی لە پەنجەی منداڵەکە گیر دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026 هەژار عەزیز بندیان، کارمەندی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند: “شارەزاییەکی زۆرم هەیە لە دەرهێنانی ئەنگوستیلە و ئەڵقەی گیرخواردوو لە پەنجە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی لە کاتی دەوامی فەرمیدا نەبووم، بەڵام دەستبەجێ بە هانای منداڵەکەوە هاتم، توانیم بە سەلامەتی پەنجەی منداڵەکە ڕزگار بکەم”.

هەژار عەزیز گوتیشی: “خزمەتکردنی مرۆڤ بە شانازی دەزانم، بۆیە لە ماوەی دوو ساڵدا بەبێ گوێدانە کاتی دەوام و شەو و ڕۆژ، توانیومە 210 حاڵەتی دەرهێنانی ئەنگوستیلە و پارچە ئاسنی گیرخواردوو ئەنجام بدەم.”

ئەم منداڵە لە کاتژمێر 10ـی بەیانییەوە ئەڵقە سوپانەیەک لە پەنجەیەکیدا گیر دەبێت، دوای ئەوەی خانەوادەکەی سەردانی بنکەیەکی تەندروستییان کرد و نەتوانرابوو دەریبهێنن، بۆیە هانایان بردە بەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا.