نێچیرڤان بارزانی: کۆماری ئیسلامی ئێران دانی بە هەڵەکەی داناوە

سەرۆکی هەرێم لەگەڵ باوکی یەکێک لە پێشمەرگە شەهیدەکانی سۆران

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان  لە سۆران، بەشداری لە پرسەی ئەو شەش پێشمەرگەیە کرد کە لە هێرشێکی مووشەکی بالیستیی ئێراندا، شەهیدبوون. لە گرنگرترین قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد؛ کە ئێران دانی بە هەڵەکەی خۆی داناوە لە هێرشکردنە سەر پێشمەرگە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “بە توندی سەركۆنەی ئەم هێرشە دەكەین. لەسەر ئەو ڕووداوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆمان کردووە و لێكۆڵینەوە لەسەر هێرشەكە دەکەن و دانیشیان بەوە داناوە کە بە هەڵە هێرشەكەیان كردووە، لە ئێستاشدا ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی ئێران دەكەین بۆ هەرێمی کوردستان.”

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: “پێویستە حكوومەتی عێراق وەک وڵاتێكی خاوەن سەروەریی هەڵسوكەوت بكات. دەبێت بەپەلە هێرشی گروپە لە یاسا دەرچووەكان ڕابگیرێن، بۆ ئەوەی سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.”

سەرۆکی هەرێم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: “هەرێمی كوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیرییە لە ناوچەكە و هیچ كاتێکیش نابینە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها بە هیچ شێوەیەک نابینە بەشێک لەم جەنگە.”

بەرەبەیانیی سێشەممە، 24ی ئاداری 2026 لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە شەش مووشەکی بالیستیی ئێرانی، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری سۆران. لە ئەنجامی هێرشەکاندا، شەش پێشمەرگە شەهید و 30ـی دیکەش برینداربوون.