لە سلێمانی دوو جۆری پارە بە ئەستەم دەست دەکەون

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست داڵ میدیا کەوتوون، لە بازاڕی دۆلارەکە قەیرانی پارەی وردە، 250 دیناری و 500 دیناری دروست بووە و زۆر بە زەحمەت دەست دەکەون، ئەوەش گرفتی بۆ مامەڵەی ڕۆژانەی هاونیشتمانیان دروستکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026 یەکێکە لە مامەڵەکارانی بازاڕی دۆلارەکە ڕایگەیاند: “پێشتر پارەی وردە زۆر بوو، تەنانەت هەندێک لە مامەڵەکاران وەریان نەدەگرت، یان بە کەمتر وەردەگیرا، بۆ نموونە ئەگەر 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار بووایە، بە پارەی وردە 100 دۆلار بە 160 هەزار دینار دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، هەر مەمنوونین خەڵک پارەی وردەمان بۆ بهێنن.”

ئەو مامەڵەکارەی بازاری دۆلار گوتیشی: ” وای لێ هاتووە هەندێک جار کاتێک پارە بۆ خەڵک دەگۆڕینەوە، ئەگەر باقی پارەکە وردە بێت پێمان نییە بیدەینەوە خەڵک. پارەی وردە هێندە کەمە، خۆمان مەجبوورین مارکێت بە مارکێت بگەڕێین یان بچین لە گەراجەکان و لە خاوەن تەکسی و پاسەکان پارەی وردە کۆبکەینەوە.”

 بەشێک لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمبوونەوەی پارەی وردە نیشانەی هەڵاوسانی ئابوورییە و بانکی ناوەندیی دەبێت بەردەوام بێت لە چاپکردنی پارەی وردە و کۆکردنەوەی پارە دڕاوەکان.