لە ڕووداوێکی هاتووچۆ لە قەزای بەردەڕەش، سێ ئافرەت گیانیان لە دەست دا و سێ ئافرەت و پیاوێکی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە ئافرەتەکان بووک بووە و بڕیار وابوو ئەمڕۆ هاوسەرگیری بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئاداری 2026 عەقید هۆشیار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش ڕایگەیاند: “دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانمان، دەستبەجێ تیمی بەردەڕەش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، حەوت کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکەبوون کە بە ڕەگەز کورد و عەرەب بوون و تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 40 ساڵی بوون، چوار لەوان کە پیاوێک و سێ ئافرەت بوون برینداربوون، سێ لەوانیش کە ئافرەت بوون گیانیان لەدەست داوە.”
شایەتحاڵێک لە شوێنی ڕووداوەکە گوتی: “ماڵباتەکە دانیشتووی گوندەکانی ناوچەکەن. یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە بووک بووە و هەموویان بۆ ئارایشتگە ڕۆیشتوون و ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە و کەوتووەتە ناو ڕووباری خازر.”
لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و بریندارەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.