هێرشکرایە سەر دەزگای هەواڵگریی و ئەفسەرێک کوژرا

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دەوروبەری بارەگاکەیان لەلایەن چەند لایەنێکی لەیاسا دەرچووەوە کراوەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەفسەرێک لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە فەرمییەکانیدا لە ناو جەرگەی شاری بەغدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئاداری 2026 دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند: “پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر ناوچەیەکی نزیک لە یەکێک لە بارەگاکانیان لە ناوچەی مەنسووری بەغدا و لە ئەنجامدا ئەفسەرێکیان کوژرا.”

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ “ئەم هێرشە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ئەفسەرێک، ئەمەش هەوڵێکی بێئومێدانەیە بۆ ڕێگریگرتن لە دەزگاکە لە ئەنجامدانی ئەرکە پیشەییەکانی خۆی.”

دەزگای هەواڵگری لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ” بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون تاوەکو هەموو ئەو کەسانە دەستگیر دەکەین کە لەم تاوانەدا تێوەگلاون، تاوەکو ڕادەستی دادگایان بکەین و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن لەبەرامبەر ئەو خوێنەی کە لەم ڕووداوەدا ڕژاوە.”

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی بەغداش ڕێکاری تووندی ئەمنییان لە ناوچەی مەنسوور گرتووەتەبەر.