لە ماوەی یەک مانگی ڕەمەزاندا لیژنەکانی چاودێری بازرگانی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار فرۆشتگە و کۆگەیان بەسەر کردووەتەوە. دووپاتی دەکەنەوە لە ڕۆژانی جەژنیش لە بازار دەبن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئاداری 2026 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند: “لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا 23 شوێن بەهۆی سەرپێچیکردنەوە داخراون و زیاتر لە 20 ملیۆن دینار سزای دارایی دراون.”
نەوزاد شێخ کامل گوتیشی: “لە ماوەی سێ ڕۆژی جەژنیشدا لیژنەکانمان کەم ناکەینەوە بەردەوام لە بازاڕەکان دەبین و چاودێریی نرخی کاڵاکان دەکەین.”
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەش کرد، ” لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا دەستیان بەسەر 77 تۆن کاڵا و خۆراکی ماوە بەسەرچوودا گرتووە و 267 سەرپێچیان تۆمار کردووە.”