لە مزگەوتێكی شاری كەركووک، ژمارەیەک منداڵ پێشبڕكێی خواردنەوەی زۆرترین ئاویان كردووە، یەكێک لە منداڵەكان كە تەمەنی یازدە ساڵانە، 33 پەرداخ ئاوی خواردووەتەوە و بەهۆیەوە 10 کاتژمێر بێهۆش کەوتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026 کەسوکاری نەخۆشەکە ڕایانگەیاند: “ئەو منداڵە لەگەڵ هاوڕێكانی لەنێو خۆیان پێشبڕكێیان كردووە، كێ زۆرترین پەرداخ ئاو بخواتەوە، براوە دەبێت.”
ئیبراهیم ئەسعەد خاڵی منداڵەكە گوتی: “عومەری خوارزام كاتژمێر 12ـی شەوی ڕابردوو، دۆخی تەندروستی تێكچووە و پەیوەندیمان پێوە كرا و بە پەلە گەیاندمانە نەخۆشخانە. 10 كاتژمێر بێهۆشبووە و دوای بەئاگاهاتنەوەشی سەرەتا كەسوكارەكەی نەناسیوەتەوە.”
بەگوێرەی قسەی پزیشکەکان ئێستا، دۆخی تەندروستی ئەو منداڵە باشتر بووە و بەرەو ئاساییبوونەوە چووە.