بڕیاری هەژمارنەکردنی وانەی کوردی لە پۆلی 12 هەڵوەشایەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نووسراوێکى فەرمیدا بۆ وەزارەتى پەروەردە ڕوونیدەکاتەوە کە بڕیارى ئارەزوومەندانەى ‌هەژمارکردنى نمرەى وانەکانى کوردى و عەرەبى هەڵوەشاوەتەوە و نمرەى ئەم دوو وانەیە هاوشێوەى وانەکانى تر ‌‌هەژماردەکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئاداری 2026 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نووسراوێک کە ئیمزای د.ئارام محمد قادری لەسەرە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کراوە و تێیدا هاتووە؛ “هەڵوەشانەوەى بڕیارى ئارەزوومەندانەى هەژمارکردنى نمرەى وانەکانى کوردى و عەرەبى.”

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بڕیارى ئارەزوومەندانەى هەژمارکردنى نمرەى وانەکانى کوردى و عەرەبى هەڵدەوەشێتەوە و نمرەى ئەم دوو وانەیە هاوشێوەى وانەکانى تر هەژمار دەکرێن بۆ ئەو خوێندکارانەی لە ساڵى خوێندنى 2025 – 2026 و ساڵانى دواتر لە پۆلى دوانزەى ئامادەیین، واتە بۆ ساڵى خوێندنى 2026 – 2027 و ساڵانى دواتر داواکارى پێشکەش دەکەن بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆکانى هەرێم.

هەر لە نووسراوەکەدا، وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە وەزارەتى پەروەردە دەکات کە دووبارە قوتابییان لەم نووسراوە ئاگادار بکەنەوە.