سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی دەڵێت؛ “پێویست ناکات هاووڵاتیان بڕی زیاتر لە پێویست دەرمان بکڕن بۆ هەڵگرتن، تەنیا ژەمەکانی بڕیاردراو بەو بڕەی لەلایەن پزیشکی چارەسەر دیاریکراوە بەسە بۆ دابینکردن و هیچ دەرمان و پێداویستی پزیشکی گران نەبووە.”
ڕۆژی دووشەممە 2ی ئاداری 2026 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئامادەکاری کراوە بۆ هەر پێشهاتێک و ئەگەرێکی نەخوازراو، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە، لە کەرتی گشتیی و تایبەت، بڕێکی باشی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە کۆمپانیاکان و کۆگاکان هەیە پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات.”
سامان بەرزنجی گوتیشی: “پێویست ناکات هاووڵاتیان بڕی زیاتر لە پێویست دەرمان بکڕن بۆ هەڵگرتن، هیچ دەرمان و پێداویستی پزیشکی گران نەبووە، پێویستە هاووڵاتییان لەکاتی کڕینی دەرمان و پێداویستی، پارەی زیاتر لەو نرخە نەدەن کە لەسەر ستیکەری حکومەت دیاریکراوە.”
وەزیری تەندروستی، ئاماژە بەوەش دەکات، لەکاتی پێویستیدا، هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 122ی ئەمبوڵانسی فریاکەوتنەوە بکەن.