شەپۆلێکی ئەنفلۆنزای وەرزی لە نێو منداڵانی پارێزگای دهۆک بڵاوبۆتەوە و نەخۆشخانەی منداڵان دەڵێت؛ “لە ئێستادا 160 منداڵ لە بەشە جیاوازەکاندا خەوێندراون.”
ڕۆژی شەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2025 د. نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند؛ ڕۆژانە نزیکەی 500 بۆ 600 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن و لە ئێستادا 160 منداڵ لە بەشە جیاوازەکاندا خەوێندراون.
د. نزار بەکر دەربارەی جۆر نەخۆشی ئەو چارەخوازانەی سەردانی نەخۆشخانە دەکەن ئاشکرای دەکات؛ زۆرترین حاڵەتەکان ئەنفلۆنزایە، بەڵام ڤایرۆسی دیکەی وەک پارا-ئەنفلۆنزا و کۆرۆناش لەنێو تووشبوواندا هەن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە پارێزگای دهۆک داوا لە دایک و باوکان دەکات، زیاتر ئاگاداری منداڵەکانیان بن و بیانپارێزن چونکە ژمارەی تووشبووان لە زیاد بووندایە.
هاوکات دکتۆر نزار ئاماژە بەوە دەکات، منداڵان زیاتر لە گرووپەکانی دیکەی تەمەن تووشی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان دەبن، ئەمەش بە هۆکاری ئەوەی سیستمی بەرگریی جەستەیان هێشتا بەتەواوی گەشەی نەکردووە.

