پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی ئاشکرای دەکات، توێژینەوەکان ئەو بانگەشانە بە درۆ دەخەنەوە کە دەڵێن، ڤەیپ سەلامەتترە لە جگەرە و سەرچاوە پزیشکییەکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە ڤەیپ کێشان هۆکارە بۆ شێرپەنجە، کێشەی نەزۆکی و کەمی ئارەزووی سێکسی.
د.سەنگەر موحەممەد جاف، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی و مامۆستای زانکۆ ڕایگەیاند؛ ئێستا ڤەیپ کێشان لە وڵاتانی تازەپێگەشتوو زۆر زیادی کردووە، منداڵان و هەرزەکاران قوربانی سەرەکیین.
ئەم پسپۆڕە دەربارەی پێکهاتەی ڤەیپ دەڵێت؛ ڤەیپ مادەی وای تێدایە کە هاوشێوەی تووتن دروستکراوە.
د. سەنگەر جاف ئەوەشی ڕاگەیاند، زیانەکانی ڤەیپ چەندینجار زیاترە لە تووتن، چونکە دەکرێت پێکهاتەی دیکەی وایتێبکرێت کە ئالوودەبوون زیاد بکات و زیانەکانی بشاردرێنەوە.
توێژینەوە و سەرچاوە پزیشکییەکان ئاشکرای دەکەن، ڤەیپ کۆمەڵێک کاریگەری و لێکەوتەی خراپی هەیە؛
زیادبوونی خوێنبەربوونی پووک و زەردبوونی ددانەکان.
هێلکەدانەکان و شێوەی سپێرم تێکدەدات و هۆکارێکە بۆ نەزۆکی.
کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی.
تێکچوونی سووڕی مانگانە و ئاستی هۆڕمۆنەکان.
لەبیرچوونەوە لەنێو گەنجاندا زیاددەکات.
بەرزەپەستانی خوێن و گرژبوونی ماسوولکەکان.
شێرپەنجە.
کەمبوونەوەی درەوشانەوەی پێست و زیادبوونی چرچولۆچی؛ خوێن کەمتر دەڕوات بەرەو پێست.
هەڵوەرینی قژ؛ لوولە وردەکانی خوێن لە سەر و سەلکی مووەکان تەسک دەبنەوە.