سالح هەرکی
ماوەیەکە دیاردەیەک سەرنجی ڕاکێشاوم کە پێموایە زۆربەشمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بینیومانە. کاتێک چاو لە ڤیدیۆی ئاژەڵدۆستێکی ئەورووپی دەکەیت، دەبینیت چۆن بەوپەڕی هێمنی و لەسەرخۆییەوە گیاندارێکی بریندار یان گیراو ڕزگار دەکات. بێ ئەوەی یەک وشە بڵێت، بێ ئەوەی گلەیی لە کەس بکات، تەنها کارەکەی خۆی دەکات و پەیامە مرۆییەکەی بە کردەوە نیشان دەدات.
بەڵام کاتێک دێینەوە دەڤەرەکەی خۆمان، زۆرجار چیرۆکەکە جیاوازە. ئاژەڵدۆستە دڵسۆزەکانمان، کە بێگومان کارێکی زۆر پیرۆز دەکەن، لە کاتی ڕزگارکردنی گیاندارێک، زیاتر لەوەی سەرنجیان لەسەر گیاندارەکە بێت، گلەیی و گازندە و نەفرەتیان لەو کەسەیە کە بووەتە هۆی ئەو دۆخە. ڕستەگەلێک وەک “خوایە گیان، ئەوەی وای بەم بێزمانە کردووە، بەسەر خۆی و منداڵیدا بێتەوە” دەبیستین. ڕاستە، ئەم قسانە لە دڵێکی پڕ لە بەزەیی و تووڕەییەوە دێن، بەڵام ئایا ئەمە ڕێگە دروستەکەیە؟
بە بڕوای من، ئێمە هێشتا لە کرۆکی بابەتەکە نەگەیشتووین. ئامانج لەم کارە تەنها ڕزگارکردنی سەگێک یان پشیلەیەک نییە، بەڵکو بڵاوکردنەوەی کولتووری بەزەیی و مرۆڤدۆستییە. کاتێک تۆ لەبری ئەوەی جوانیی کارەکەت نیشان بدەیت، دەست دەکەیت بە قسەی ناخۆش و نەفرەت، لە ڕاستیدا پەیامە سەرەکییەکە ون دەکەیت. خەڵک لەبری ئەوەی فێری بەزەیی ببن، گوێیان لە ڕق و تووڕەیی دەبێت.
ئەو کەسەی کە هەڵەکەشی کردووە، کاتێک گوێی لەو هەموو قسە ناخۆشانە دەبێت، لەبری پەشیمانی، ڕەنگە زیاتر ڕق لە دڵ بگرێت و هەست بەوە بکات هێرشی کراوەتە سەر. بەمەش، لەبری ئەوەی کەسێک چاک بکەین، ڕەنگە دوژمنێکی نوێ بۆ ئاژەڵان دروست بکەین.
ڕێگەچارە ئەوەیە کە لێگەڕێین با کارەکانمان خۆیان قسە بکەن. دیمەنی ڕزگارکردنی گیاندارێک بە بێدەنگی و بە شێوەیەکی شارستانی، هەزاران جار کاریگەرترە لە وتارێکی پڕ لە جنێو و گلەیی. با بە کردەوەکانمان خەڵک فێر بکەین، نەک بە قسەکانمان بیانترسێنین.
لە کۆتاییدا، ئاژەڵدۆستی هونەری گەیاندنی پەیامە، نەک تەنها هەڵچوونێکی کاتی. با لەبری ئەوەی نەفرەت لە تاریکی بکەین، هەوڵ بدەین مۆمێک داگیرسێنین.
لەگەڵ رێزو پێزانینم بۆ هەوڵی پیرۆزی هەموو ئاژەڵدۆستان.