ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر، ئامارەکانی مانگی ڕابردووی پێوەدانی مار و دووپشک و گەستنی سەگی بڵاوکردەوە و 90 کەس لەلایەن سەگەوە بریندارکراوە و دووپشکیش بە 63 کەسی داوە.
دەربارەی ئەم ئامارانە د. سۆران ئەحمەد، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی فێرکاری لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند؛ هەندێک لە حاڵەتەکانی گەستنی سەگ مەترسیدار بوون و ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە درەنگ دەهێندرێنە فریاکەوتنەکان.
ئامارەکانی نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر بۆ مانگی ئاب پێکدێن لە [63 پێوەدراوی دووپشک، 90 گەستراوی سەگ و پێوەدراوێکی مار].
دکتۆر سۆران ئەوەش ڕوون دەکاتەوە، ئەگەر سەگی تووشبوو بە نەخۆشیی هاری، گاز لە دەموچاو یاخود پەلەکانی سەرەوەی جەستە بگرێت، ئەوا ژەهری نەخۆشییەکە بە خێرایی و ئاسانتر بۆ مێشک دەگوازرێتەوە و ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک و دڕکەپەتک زیاد دەبێت.
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، هاریی سەگ نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و دووچاری کۆئەندامی دەمار دەبێت، هاوکات نەخۆشییەکە مرۆژەڵییە، واتە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.