ڕێکخراوی قەیسەری خێرخوازی یارمەتی ئەو گەنجانە دەدات کە بەهۆی بەرزی نرخی زێڕ و نەبوونیەوە توانای ئەنجامدانی هاوسەرگیریان نییە و بۆ هەر بوک و زاوایەک تاخمێکی کامل زێڕ دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، حاجی سەعد جەلال، سەرۆکی ڕێکخراوی قەیسەری خێرخوازی، لە پڕۆگرامی ڕۆژ هیوا جەمالی تۆڕی میدیای رووداو ڕایگەیاند؛ “ بیرۆکەی پرۆژەکە لە مانگی لەدایکبوونی پێغەمبەرەوە (د.خ) سەرچاوەی گرتووە و مەبەستی سەرەکیمان ئەوە بوو کە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر بە شێوەیەکی جیاواز بکەینەوە و سوننەتێک زیندوو بکەینەوە، ئەویش پڕۆسەی هاوسەرگیرییە.”
حاجی سەعد وردەکاری زیاتری دەربارەی بەخشینی زێڕ بە بوک و زاواکان خستەڕوو و دەڵێت؛ بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی شایستەی هاوکارین، پەیوەندیمان بە ژمارەیەک مامۆستای ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە کردووە، تەنانەت داوای لە کریستیانەکانیش کردووە گەنجی شایستە بۆ سوودمەندبوون لەم پرۆژەیە دیاری بکەن.
دەربارەی بڕی زێڕەکە، حاجی سەعد سەرۆکی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، “بۆ هەر بووک و زاوایەک چوار مسقاڵ زێڕی عەیار 21 دابین کراوە، کە لەسەر شێوازی کوەیتییە و بریتییە لە تاخمێکی تەواو (گەردانە، گوارە، ئەنگوستیلە و بازن).”
دەربارەی ئامانجی پڕۆژەکە حاجی سەعد جەخت لەوە دەکاتەوە، جگە لە هاوکاریکردنی کۆمەڵێک گەنج بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، دەیانەوێت خەڵکانی دیکەش لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان چاو لەوان بکەن و یارمەتی گەنجان بدەن بۆ پێکهنانی ژیانی هاوژینی.
ڕێکخراوی قەیسەری خێرخوازی ئەوەش ڕادەگەیێنێت؛ لە داهاتوویەکی نزیکدا لەنێو یەکێک لە مزگەوتەکان بەفەرمی دیارییەکان پێشکەش بەو بوک و زاوایانە دەکرێن کە هەڵبژێردراون بۆ پڕۆژەکە.