لە پارێزگای ڕووهای باکووری کوردستان پاسێکی نەفەرات وەرگەڕا و بەهۆیەوە 27 کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلولی 2025 لە ڕێگەی نێوان ڕووها و سرووچ پاسێکی نەفەرهەڵگر کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستدا و لە ئەنجامدا 27 کەس برینداربوون و سێ لە بریندارەکان برینی سەختیان هەیە.
پاسەکە لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان بەرەو هاتای پارێزگای تورکیا دەچوو، دوای وەرگەڕان و ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی تەندروستی، بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و لێکۆڵینەوە دەربارەی ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە.
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموز، 376 هەزار و 233 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕوویانداوە، لە ئەنجامیاندا هەزار و 401 کەس گیانیان لەدەستداوە و 226 هەزار و 535 کەس بریندار بوون.