پزیشکێکی دەرمانساز دەربارەی بەکارهێنانی حەبی مەنعی دووگیانی هۆشداری بە خانمان دەدات و دەڵێت، لە هەندێک لە خانمان دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک.
دکتۆر هێڤین حەمەئەمین، پزیشکی دەرمانساز دەربارەی زیانەکانی ئەو جۆرە حەبانەی بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی بەکاردەهێنرێن دەڵێت، “ حەبی ڕێگریکردن لە دووگیانی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەو خانمانە زیاد دەکات کە بازدانی بۆماوەیی یان مێژووی خێزانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکیان هەیە، بۆیە پێویستە بەر لە بەکارهێنانی ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.”
دکتۆر هێڤین ئەوەشی ڕاگەیاند، “ پێش ئەوەی دەرمانساز حەبی ڕێگری لە دووگیانی بداتە هەر خانمێک، پێویستە چەند پرسیارێکی سەرەکی لێبکات، لەوانە پرسیارکردن لە مێژووی تەندروستیی کەسەکە، بەتایبەتی گرفتی خوێنمەین و بەرزیی پەستانی خوێن.”
هەروەها دکتۆرە دەرمانسازەکە دوپات لەوە دەکاتەوە، بەکارهێنانی حەبی ڕێگریکردن لە دووگیانی لە خانمێک بۆ خانمێک کاریگەرییەکانی دەگۆڕێت و هەندێک لە باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکانیشی بریتین لە دەرکەوتنی زیپکە، قژوەرین و تێکچوونی سووڕی مانگانە.
حەبی مەنع یان ڕێگریکردن لە دووگیانی، یەکێکە لە رێگەکانی ڕێکخستنی خێزان و پلاندانان بۆ وەچەخستنەوە، کە دەرفەت بە خانمان دەدات بڕیار لە کاتی منداڵبوون بدەن.